Accessibility links

سەرۆک ترامپ: یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ سەر وڵاتانی ئاشتیخواز ڕژێمی ئێرانە


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکانی سەر وڵاتانی ئاشتیخواز، ڕژێمی سەرکوتکاری ئێرانە.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارەکەی لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتیشی ڕژێمی ئێران مێژوویەکی درێژی هەیە لە کوشتن و وێرانکاری، وە وڵاتێک نیـیە تەنیا پشتیوانی لە تێرۆرزم بکات، بەڵکو ئاگری شەڕیش لە سوریا و یەمەن خۆشدەکات.

گوتیشی ئەو ڕژێمە لەم کاتەی سەروەت و سامانی ئێران بە هەدەر دەدات، هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوکی دەدات.

سەرۆک ترامپ گوتی هەرگیز نابێت ڕێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی و موشەکی، بۆیە ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی لەگەڵ ئێران کشایەوە و سزای ئابوری توندی بەسەردا سەپاند.

سەرۆک ترامپ دووپاتی کردەوە ئێران لە پشت هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتیـیەکانی عەرەبستانی سعودیـیە بووە و گوتی ئەو هێرشەی ئێران هیچ پاساوێکی بۆ نیـیە.

باسی لە دوایـین سزاکانی ئەمەریکا کرد کە سەپێندراونەتە سەر بانکی ناوەندی ئێران و سندوقی دراوی ڕژێمی ئێران. گوتیشی دەبێت هەموو وڵاتان پابەندی ئەم سزایانە بن، چونکە نابێت هیچ حکومەتێک کە هەست بە بەرپـرسیارێتی بکات، کۆمەکی دارایی ڕژێمی خوێن ڕێژی ئێران بکات.

جەختی لەوە کردەوە سزاکانی ئێران لانابرێن و توندریش دەکرێن هەتا ڕەفتارە هەڕەشەئامێزەکانی ئەو ڕژێمە بەردەوامبن.

XS
SM
MD
LG