Accessibility links

دیبلۆماتکارێکی ئەمەریکی: " هەمووان بەشێک بوون " لە هەڵمەتی فشار خستنە سەر ئۆکرانیا


باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ یەکێتی ئەوروپا گۆردن سوندلاند

دیبلۆماتکارێکی ئەمەریکی وتی " هەمووان بەشێك بوون " لە هەوڵەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ تاوەکو ئۆکرانیا ناچاربکەن لێکۆڵینەوەیەک بکات کە لەکۆتاییدا ئەو لێکۆڵینەوەیە لەبەرژەوەندی سەرۆکی ئەمەریکا دەبێت، لەوانەش کە بەشێک بوون لە هەڵمەتەکە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە یەکێتی ئەوروپا گۆردن سوندلاند لە گەواهیدانەکەیدا لەبەردەم لێکۆڵینەوەکانی دیموکراتەکان وتی ئەو " شوێن فەرمانی سەرۆک کەوتووە " کاتێک لەگەڵ پارێزەری تایبەتی سەرۆک ترامپ ڕودی جولیانیدا کاری کردووە کە هەوڵیداوە ئۆکرانیا دوو لێکۆڵینەوە بکات کە یارمەتیدەر دەبوون لە کەمپینی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک ترامپدا لە ساڵی 2020.

ئەم گەواهیدانەی سوندلاند گرنگ بوو چونکە ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی کە کۆمەڵێک بەرپرسی زۆر زیاتری دیکەی ئەمەریکا بێجگە لەوانەی کە ناسراون ئاگاداری هەڵمەتی فشار خستنە سەر ئۆکرانیا بوون.

دەکرێت ئەم لێکۆڵینەوانەی دیموکراتەکان سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلیسنکی کە تیایدا سەرۆک ترامپ داوای لێکردبوو لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدات سەبارەت بە کوڕەکەی جۆو بایدنی کاندیدی سەرەکی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ببێتەهۆی ئەوەی تۆمەتی فەڕمی ئاڕاستەی سەرۆک ترامپ بکرێت و دواتر ڕەوانەی ئەنجومەنی سینات بکرێت تاوەکو دادگاییەک ئەنجام بدرێت لەسەر ئەوەی ئاخۆ سەرۆک ترامپ لە پۆستەکەی لاببرێت یاخود نا. کۆمارییەکان باڵادەستن لە ئەنجومەنی سیناتدا و بیرۆکەی لابردنی سەرۆک ترامپ لەنێو ئەندامانی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی سیناتدا پشتیوانییەکی زۆری لێناکرێت.

دیموکراتەکان وتیان گەواهیدانەکەی باڵیۆزەکە دۆسییەکەیان بەهێزتر کرد. کۆشکی سپی و سەرۆک ترامپیش وتیان گەواهیدانەکە سەرۆکی بێتاوان کردووە.

سەرۆک ترامپ لەسەر گەواهیدانەکەی سوندلاند بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێم وایە زۆر باش بوو. پێم وایە دەبێت ئەوان ئێستا ئەو لێکۆڵینەوەیە دابخەن."

وتەبێژی کۆشکی سپی ستیڤانی گریشام لە بەیاننامەیەکدا وتی " سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە گەواهیدانەکەی سوندلاند گریمانە و باوەڕی خۆی بوو، لەجیاتی ئەوەی ڕاستی حاشا هەڵنەگربووبن، بەڵام وتی کە سەرۆک ترامپ پێی نەتووە پەیوەندییەک هەیە لەنێوان کۆبوونەوەی کۆشکی سپی یاخود یارمەتییەکان بۆ ئۆکرانیا و دەستکەوتنی لێدوانێکی ئاشکرا لە سەرۆکی ئۆکرانیاوە."

سوندلاند وتی لە 19ی مانگی حەوتدا ئیمەیڵێکی بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ و هەڵسوڕێنەری کاروباری بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی میک مۆڵفانی و وەزیری وزە ڕیک پێری ناردووە، لە ئیمەیڵەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرۆکی نوێی ئۆکرانیا ئامادەیە سەرۆک ترامپ دڵنیا بکاتەوە کە " لێکۆڵینەوەیەکی تەواو و شەفاف ئەنجام دەدات و هەموو ڕێگەکان دەگرێتەبەر."

سوندلاند وتی ئەو ئیمەیڵەی کە ناردوویەتی پێش پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و سەرۆکی ئۆکرانیا لە 25 ی مانگی حەوتدا " هەمووان بەشێک بوون تیایدا و نهێنی نەبووە."

سوندلاند وتی لە 22 ی مانگی هەشتدا ئیمەیڵێکی بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ ناردووە و تیایدا باسی لە هەوڵەکانی کردووە بۆ ناچارکردنی سەرۆکی ئۆکرانیا تاوەکو لێکۆڵینەوەکە ئەنجام بدات.

هەروەها باسی لە کۆبوونەوەیەکی دیکە کرد کە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنسیش تیایدا بەشدار بووە و وتی لەو کاتەدا بە پێنسی ڕاگەیاندووە کە ترسی هەیە لەوەی دواکەوتنی یارمەتییەکان بۆ ئۆکرانیا لەوانەیە ببەسترێتەوە بە بابەتی لێکۆڵینەوەکانەوە. سوندلاند لە گەواهیدانەکەیدا دەڵێت پێنس گوێی لە ڕێنماییەکانی گرتووە و سەری لەقاندووە بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە.

یاریدەدەرەکانی پەمپێیۆ و پێنس بەیاننامەیان بڵاوکردەوە و تیایدا هەموو ئەوانەیان ڕەت کردەوە.

بەڕێوبەری ئۆفیسی پێنس لە بەیاننامەیەکدا وتی " جێگری سەرۆک هەرگیز لەگەڵ گۆردن سوندلاندا کۆبوونەوەی نەکردووە سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە بایدن یاخود بۆریسما یاخود یارمەتیەکان بۆ ئۆکرانیا."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا مۆرگان ئۆرتاگۆس وتی " گۆردن هەرگیز بە پەمپێیۆی ڕانەگەیاندووە کە پێی وایە سەرۆک یارمەتییەکانی بەستۆتەوە بە لێکۆڵینەوەکانەوە بەهۆی فەرمانی ڕکابەرە سیاسییەکانیەوە . هەر شتێک پێچەوانەی ئەوە بێت درۆیەکی ڕاشکاوانەیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG