Accessibility links

تویتەر جارێکی دیکە هێمایەکی خراپ دەخاتەوە سەر نووسینێکی سەرۆکی ئەمەریکا


پاش ئەوەی سەرۆک ترامپ دوێنێ پـێنجشەممە بڕیارێکی دەرکرد لە دژی دەسەڵاتی کۆمپانیاکانی سۆشیال میدیا بەسەر نووسینەکانی خەڵکی، کۆمپانیای تویتەر جارێکی دیکە هێمایەکی خراپی خستەوە سەر نووسینێکی سەرۆکی ئەمەریکا و بە پەسنکردنی توندوتیژی ناودێریکرد.

"سەرۆک ترامپ بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لەسەر تویتەرەکەی نووسی"ناتوانم دەستە وەستان بم و ببینم ئەوە ڕوودەدات لە شارێکی گەورەی ئەمەریکا، مینیاپـۆلس. بە تەواوەتی ڕێبەرایەتیـیەک لەوێ نیـیە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات. بۆیە یان ئەوەتا سەرۆکی شارەوانی چەپڕەوی ڕادیکاڵی لاواز، جەیکەب فرەی، بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت و شارەکە دەخاتەوە ژێر کۆنترۆڵ، وە یان ئەوەتا پاسەوانانی نیشتمانی دەنێرم تاوەکو بە شێوەیەکی ڕاست و دروست بە کارەکە هەستن.

ئەو چەتە و پیاو خراپانە ناوی جۆرج فلۆیدلەکەداردەکەن، بۆیە ناهێڵم ئەوە ڕووبدات. پـێش تۆزێک قسەم لەگەڵ فەرمانڕەوا تێم واڵز کردو پـێم گوت لەشکر بە درێژایی ڕێـیەکە لەگەڵیدا دەبێت. هەر سەختیـیەک هەبێت کۆنترۆڵی دەکەین، کاتێک تاڵانی دەستپـێبکات و تەقەکردن دەستپـێبکات. سوپاس!"

تویتەر لەسەر ئەم نووسینەی سەرۆک ترامپ ئەو هێمایەی دانا کە لەسەر ئەو نووسینانە دایدەنێت کە هانی توندوتیژی دەدەن.

لە هێماکەدا نووسراوە" ئەم نووسینەی سەر تویتەر ڕێساکانی تویتەری پـێشێلکردووە سەبارەت بە پەسنی توندوتیژی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تویتەر بڕیاری داوە نووسینەکە بمێنێتەوە بەو پـێـیەی ڕەنگە بۆ خەڵکی جێی سەرنج بێت."

پـێشتر تویتەر لەسەر نووسێنێکی سەرۆکی ئەمەریکا ئەو هێمایەی دانا کە لەسەر ئەو نووسینانە دایدەنێت و بنەمای ڕاستیـیان نیـیە. ئەوەش بووە جێی ناڕەزایی سەرۆک ترامپ و بە کۆتوبەندی سەر ئازادی ڕادەربڕینی ناودێرکرد. بۆیە ڕۆژی پـێنجشەممە بڕیارێکی واژووکرد تاوەکو سنوور بۆ دەسەڵاتی کۆمپانیاکانی سۆشیال میدیا دابنێت لەسەر نووسینەکانی خەڵکی.

XS
SM
MD
LG