Accessibility links

سەرۆک ترامپ بەراورد بە ڕێبەرانی دیکەی جیهان زۆرترین فالۆوەری لەسەر تویتەر هەیە


بەپـێی توێژینەوەیەک، سەرۆک ترامپ لە نێو هەموو ڕێبەران و بەرپـرسانی باڵای جیهان زۆرترین فالۆوەری لەسەر تویتەرەکەی هەیە.

کۆمپانیای Burson Cohn & Wolfe ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی ئەنجامی توێژینەوەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت لە ئێستادا سەرۆک ترامپ لەسەر ئەو تویتەرەی هەیەتی بە ناوی (@realDonaldTrump) 52 ملیۆن فالۆوەری هەیە، واتە زیاتر لە دوو هێندەی ئەو ژمارەیەی لە کاتی گرتنەدەستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە 20 مانگی یەکی ساڵی 2017 هەیبووە.

کۆمپانیاکە دەڵێت لە پاش سەرۆک ترامپ، پاپا فەڕەنسیسی ڤاتیکان بە پلەی دووەم دێت کە زیاتر لە 47 ملیۆن فالۆوەری هەیە لە 9 توێتەری بە زمانی جیاوازدا. پاشان سەرۆک وەزیری هیندستان بە پلەی سێـیەم و چوارەم دێت کە 42 ملیۆن فالۆوەر لە حسابە تایبەتەکەی و 26 ملیۆن فالۆوەری لە حسابە فەرمیـیەکەی هەیە.

توێژینەوەکە لە بەشێکیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە جیهانی عەرەبی، خانمێک زۆرترین فالۆوەری هەیە، ئەویش ڕانیای شاژنی ئوردنە کە زیاتر لە 10 ملیۆن فالۆوەری هەیە.

توێژینەوەکە کە بە Twiplomacy study ناودێرکراوە، تیایدا نووسراوە لە کۆی 193 وڵاتە ئەندامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 187 وڵاتیان حکومەتەکانیان تویتەریان هەیە. ئەو شەش وڵاتەشی نیـیانە بریتین لە لاوس، مۆریتانیا، نیگاراگوا، کۆریای باکور، سوازیلاند و تورکمانستان.

XS
SM
MD
LG