Accessibility links

دادگای پـیاداچوونەوە بڕیاری دا فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ بە ڕاگیراوەیی بمێنێتەوە

  • VOA News

دادگای 9ی پـیاداچوونەوەی فیدراڵی لە شاری سانفرانسیسکۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا

دادگای 9ی پـیاداچوونەوەی فیدراڵی لە شاری سانفرانسیسکۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا بڕیاری دا فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ بە ڕاگیراوەیی بمێنێتەوە و هاتنی هاوڵاتیانی حەوت وڵاتە زۆرینە موسڵمانەکە بۆ ئەمەریکا بەردەوامبێت.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە کاتی خۆجێی سانفرانسیسکۆ، دادگاکە بە سەرۆکایەتی هەرسێ دادوەر ولیەم کانبی و میشێل فریدلاند و ڕیچارد کلفتن ئەم بڕیارەیان دا.

بەڵام سەرۆک ترامپ بە چەند خولەکێـک لە پاش فەرمانی دادگاکە لەسەر تویتەرەکەی خۆی ڕایگەیاند بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێی دادگا بۆ کارکردن بە فەرمانەکەی. نووسیویەتی " لە دادگا دەتانبینمەوە، ئاسایشی وڵاتەکەمان لە مەترسیدایە!"

لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ دەتوانێت کەیسەکە بخاتە بەردەم دادگای باڵای فیدارڵی، ئەوەی خاوەنی بڕیاری کۆتایی‌یە.

ڕۆژی سێشەممە دادگای پـیاداچوونەوە لە سانفرانسیسکۆ بۆ ماوەی زیاتر لە یەک کاژمێر لە ڕێگەی تەلەفونەوە گوێبیستی هەردوو لایەنی ناکۆکیـیەکە بوو.

ئۆگێست فلینتجی پارێزەری وەزارەتی داد داکۆکی لە فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ کرد و گوتبووی بەپـێی ئەو دەسەڵاتەی لە لایەن کۆنگرێس و دەستورەوە پـێی دراوە ئەم فەرمانەی داوە، وە ئەو دەسەڵاتە ڕێگەی پـێدەدات فەرمان بکات ڕێسای گونجاو بگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لەو کەسانەی دێنە ناو ئەمەریکاوە.

پاشان نوا پـورسێڵ داواکاری گشتی واشنتن کە لە دانیشتنەکەی ڕۆژی سێشەممەی دادگا نوێنەرایەتی هەردوو ویلایەتی واشنتن و مینەسۆتای دەکرد، گوتی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ خوازیارە بەبێ پـیاداچوونەوەی یاسایی جارێکی دیکە کار بە فەرمانەکە بکرێتەوە، بەمەش دووبارە کێشە و گرفت لە نێو وڵاتەکە ڕوودەدات. گوتی چەندان خێزان هەن بەهۆی ئەم فەرمانەی سەرۆک ترامپەوە پەرەتەوازەبوون و خەڵکیش هەن لە ترسداندا ناوێرن گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن.

شەوی هەینی ڕابردوو جەیمس ڕۆبەرت دادوەری فیدراڵی لە ویلایەتی واشنتن بە شێوەیەکی کاتی جێبەجێکردنی فەرمانەکەی سەرۆک ترامپی ڕاگرت، ئەوەی هەفتەیەک پـێشتر دابووی بۆ وەستاندنی هاتنی هاوڵاتیانی ئێران و عێراق و سوریا و لیبیا و سۆماڵ وسودان و یەمەن بۆ ناو ئەمەریکا بۆ ماوەی 90 ڕۆژ.

XS
SM
MD
LG