Accessibility links

پـزیشکی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا: سەرۆک ترامپ دەتوانێت بگەڕێتەوە کۆشکی سپی


پـزیشکی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا گوتی سەرۆک ترامپ دەتوانێت بگەڕێتەوە کۆشکی سپی و لەوێ چارەسەر وەربگرێت و کارەکانی ئەنجام بدات.

دکتۆر شان کانلی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بەردەم سەنتەری تەندروستی لەشکری واڵتەر ڕید لە ناوچەی پەثەسدای ویلایەتی مێریلاند گوتیشی سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ دوای ئەوەی دەرمانەکانی ئەمڕۆی وەردەگرێت نەخۆشخانە جێدەهێڵێت.

گوتیشی هەرچەندە سەرۆک ترامپ چەند جارێک ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێنی دابەزی، بەڵام ئێستا جێگیرە و باری تەندروستی باشە. گوتیشی تیمی پـزیشکی هەموو کۆکن کە سەرۆک دەتوانێت بگەڕێتەوە کۆشکی سپی و لەوێ چارەسەری بۆ بکرێت. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە کۆشکی سپی تیمی پـزیشکی بە بەردەوامی چاودێری باری تەندروستی سەرۆک دەکەن.

باسی لەوەش کرد سەرۆک ترامپ لە ماوەی 72 کاتژمێری ڕابردوو پـلەی گەرماشی بەرز نەبووەتەوە.

سەرۆک ترامپ لای خۆیەوە لەسەر تویتەر نووسی" لە کاتژمێر 6:30 ی ئێوارە سەنتەری واڵتەر ڕید جێدەهێڵم. بە ڕاستی هەست بە باشی دەکەم! لە کۆڤید مەترسن. مەهێڵن بەسەر ژیانتاندا زاڵبێت. لە ژێر سایەی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ، هەندێک دەرمان و زانیاری و مەعریفەتی مەزنمان بەدەستهێناوە. هەست دەکەم باشترم لە 20 ساڵی پـێش ئێستام."

خانمی یەکەم، ئەویش لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە سوپاسی تیمی پـزیشکی کرد و هیوای سەلامەتی بۆ هەموو تووشبووانی نەخۆشیـیەکە خواست.

مەڵانیا ترامپ نووسیویەتی" خێزانەکەم پـێزانینی هەیە بۆ هەموو ئەو نزا و پاڵپشتیـیەی لێیکراوە! هەست بە باشی دەکەم و بەردەوام دەبم لە ئیسراحەتکردن لە ماڵەوە. سوپاس بۆ ستافی پـزیشکی و ئەوانەشی لە هەر شوێنێکەوە گرنگیان پـێداوم ، بەردەوامم لە نوێژ و نزاکردن بۆ ئەوانەی نەخۆشکەوتوون یان ئەوانەی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیان تووشی ڤایرۆسەکە بووە."

جێی ئاماژەیە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو سەرۆک ترامپ لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە ڕایگەیاند خۆی و خانمی یەکەم تووشی نەخۆشی کۆڤید – 19 بوون.

XS
SM
MD
LG