Accessibility links

سەرۆک ترامپ ڕێکس تیلەرسن لە پـۆستی وەزیری دەرەوە لادەدات


سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری دا ڕێکس تیلەرسن لە پـۆستی وەزیری دەرەوە لابدات و مایک پـۆمپـیۆ بەڕێوەبەری دەزگای CIA بۆ شوێنەکەی دەسـتنیشانکرد.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە بەر لەوەی لە بەردەم ڕۆژنامەوانان لە کۆشکی سپی بڕیارەکەی پشـتڕاستبکاتەوە، لەسەر تویتەرەکەی لەم بارەیەوە نووسی " مایک پـۆمپـیۆ، بەڕێوەبەری دەزگای CIA دەبێتە وەزیری نوێی دەرەوەمان. کارێکی نایاب دەکات! سوپاس ڕێکس تیلەرسن بۆ خزمەتەکانت! جینا هاسپێڵ دەبێتە بەڕێوەبەری نوێی دەزگای CIA ، وە یەکەم ژن بۆ ئەم پـۆستە هەڵببژێردرێت. پـیرۆزە لە هەموو لایەک!"

جینا هاسپـێڵ لە ئێستادا جێگری بەڕێوەبەری دەزگای CIA یە.

پاشان سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەوانانی گوت لە بارەی ئەم بڕیارەی وتووێژی لەگەڵ ڕێکس تیلەرسن نەکردووە و خۆی بە تەنیا بڕیارەکەی داوە و تیلەرسن لێی ئاگادار نیـیە. بەڵام گوتیشی لە ماوەی 14 مانگی ڕابردوو زۆر کاریان پـێکەوە ئەنجامداوە.

سەرۆک ترامپ گوتیشی لەگەڵ تیلەرسندا بە شێوەیەکی باش کۆکبوون، بەڵام لەسەر هەندێک بابەت جیاوازیان هەبووە، لەوانە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی ئێران. گوتی ئەو پـێیوایە ئەو ڕێکەوتنە مەترسیدارە و دەبێت هەڵبوەشێتەوە یان شتێک لە بارەیەوە بکرێت، بەڵام تیلەرسن ڕێکەوتنەکەی پێ قبوڵبووە، بۆیە ڕێک‌نەکەوتوون.

پاشان گوتی لەگەڵ مایک پـۆمپـیۆ زیاتر لەگەڵ یەکتر دەگونجین بەراورد بە ڕێکس تیلەرسن.

نیکی هەیلی باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لای خۆیەوە لە تویتەرەکەی پـیرۆزبایی لە مایک پـۆمپـیۆ کرد و نووسیویەتی"پـیرۆزە هاوڕێ و بەم زووانە دەبیتە وەزیری دەرەوە مایک پـۆمپـیۆ! بڕیارێکی مەزن لە سەرۆک."

لە ئێستادا پـێویستە ئەنجومەنی سینات مایک پـۆمپـیۆ و جینا هاسپـێڵ بۆ ئەم پـۆستە نوێـیانەیان پەسەندبکات.

XS
SM
MD
LG