Accessibility links

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی کۆمپانیای ئیکسن‌مۆبڵ بۆ پـۆستی وەزیری دەرەوە هەڵدەبژێرێت


سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئیکسن‌مۆبڵی هەڵبژارد تاوەکو ببێتە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی کە لە 20 ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو دەسـتبەکاردەبێت.

دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ سێشەممە لە تویتەرەکەی خۆی نووسیویەتی " یەکێـک لە کاردارە مەزنەکانی جیهانم هەڵبژارد، ڕێکس تیڵـرسن، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئیکسن‌مۆبڵ Exxon Mobil ، تاوەکو ببێتە وەزیری دەرەوە."

پاشان نووسیویەتی " ئەوە شتەی زۆر بە دڵمە لە بارەی ڕێکس تیڵـرسن، ئەوەیە ئەزمونێـکی زۆری سەرکەوتووانەی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو جۆرێـک لە حکومەتە بیانیـیەکاندا."

ڕێکس تێڵرسن تەمەن 64 ساڵ لە دایکبووی ویلایەتی تەکساسە و لە ساڵی 1975 لە زانکۆی تەکساس بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری شارستانی بەدەسـتهێناوە. هەر لە هەمان ساڵدا لە کۆمپانیای ئیکسن‌مۆبڵ وەک ئەندازیار دامەزراوە. لە ساڵی 2006 وە هەتا ئەمڕۆ سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بووە.

بەڵام ڕەنگە پەسەندکردنی وەک وەزیری دەرەوە لە لایەن ئەنجومەنی سیناتەوە بە سانایی تێپەڕنەبێت، ئەمەش لەبەر چەند هۆیەک، لەوانە هیچ ئەزمونێـکی دیپـلۆماسی نیـیە و پەیوەندیەکی زۆری لەگەڵ ڕووسیا هەیە و بە تایبەتی لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا کە لە ساڵی 2012 مەدالیای هاوڕێـیەتی پـێشکەش کرد.

جۆن مەکـکەین سیناتۆری کۆماری لە وتووێژێـکیدا لەگەڵ کەناڵی CNN سەرسوڕمانی خۆی لە هاوڕێـیەتی نێوان تیڵـرسن و پـوتن دەربڕی و گوتی چۆن دەکرێت هاوڕێی کەسێـک بیت کە ئەندامی دەزگای هەواڵگری سۆڤێت KGB بووبێت.

هەروەها مارک ڕۆبیۆ کە ئەویش سیناتۆرێـکی کۆماریـیە، گوتی هاوڕێـیەتی لەگەڵ پـوتن خەسەڵەتێـک نیـیە کە خوازیاربێت لە وەزیری دەرەوەدا هەبێت.

XS
SM
MD
LG