Accessibility links

سەرۆک ترامپ: نیازی دەستێوەردانمان لە سوریا نیـیە


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت هیچ نیازی نیـیە دەستوەربداتە سوریا، بەڵام ئەگەربێت و گازی کیمیایی کوشندە بەکاربهێنرێت، ئەوا کاردانەوەی بە دوادا دەبێت.

دانۆڵد ترامپ لە میانەی چاوپێـکەوتنێـکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس بزنسی ئەمەریکایی ئەمەی ڕاگەیاند، بەڵام گوتی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا کەسێـکی دڕەندەیە و ڕووسیا هەڵەیەکی گەورە دەکات لەوەی پشـتیوانی لێدەکات.

گوتی" ڕاستگۆیانە دەڵێم پـوتن پاڵپشتی کەسێـک دەکات کە بە ڕاستی دڕندەیە، وە پـێموایە ئەمە زۆر خراپە بۆ ڕووسیا ، زۆر خراپە بۆ مرۆڤایەتی ، زۆر خراپە بۆ ئەم جیهانە."

​پاشان گوتی" کاتێـک لە ڕێگەی تەلەفیزیۆنەوە بینیم ئەو منداڵە جوانانە لە باوەشی باوک و دایکیان گیانیان لەدەسـتدەدەن، ڕاستەوخۆ پەیوەندیم بە جەنەڕاڵ ماتس (وەزیری بەرگری) کرد و پـێم گوت چی دەتوانین بکەین و ئەویش بە کۆمەڵێـک بژارەوە هات و ئێمەش بە توندی لێمان دا. ئێستا ئایا دەستوەردەدەینە سوریا؟ نەخێر، بەڵام ئەگەر ببینم گاز یان هەر شتێـکی دیکە بەکاردەهێنرێت... ئەوا دەڵێم دەبێت شتێـک بکەین."

سەرۆک ترامپ هەر لەو چاوپـێکەوتنەش گوتی سەرۆکی چین ناڕەزایی نەبووە لە بەرامبەر هێرشە موشەکیـیەکەی سەر سوریا. گوتی لەو کاتەی لە فلۆریدا فەرمانی هێرشەکەی کرد، سەرۆکی چین لەوێ بوو و ئاگاداری کردووەتەوە ئەمەریکا بە 59 موشەک لە سوریای داوە وەک سزایەک لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی. گوتیشی سەرۆکی چین بۆ ماوەی نزیکەی 10 چرکە وەستاوە و پاشان گوتویەتی هەر کەسێک گازی کیمیایی لە دژی منداڵانی ساوا بەکاربهێنێت کێشە نیـیە لێی بدرێت.

XS
SM
MD
LG