Accessibility links

یەکەم وتاری ساڵانەی سەرۆک ترامپ


دانۆڵد ترامپ وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەکەم وتاری ساڵانەی خۆی شەوی سێشەممە لە کۆنگرێس پـێشکەشکرد و تیایدا سەنگی خستە سەر بابەتە ناوخۆیـیەکانی وڵاتەکە.

سەرۆک ترامپ کە بۆ ماوەی یەک کاژمێر و 20 خولەک کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو و ئامانجەکانی داهاتووی بۆ وڵاتەکە خستە ڕوو، نزیکەی بیست خولەکیش باسی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا کرد، لەوانە شەڕی دژی داعش و ئێران و ئەفغانستان و کۆریای باکور.

سەرەتا سەرۆک ترامپ گوتی لەوەتای سەرۆکایەتی وڵاتی گرتووەتەدەست ئەمەریکایـیەکان گەشبینن بە ئایندەی وڵاتەکەیان، وە بەڕێوبەرایەتیـیەکەی هەنگاوی ناوە بە ئامانجی ئەوەی سەرلەنوێ ئەمەریکا بۆ ئەمەریکایـیەکان مەزنبکاتەوە.

گوتیشی بە درێژایی ساڵی ڕابردوو بەرەوپـێشچوون و سەرکەوتنی باش تۆمارکراون. پاشان داوای لە کۆماری و دیموکراتەکان کرد کێشەکانیان وەلاوەنێن و گوتی" یەکگرتووبن لە پـێناو ئەم خەڵکەی هەڵبژێردراین بۆ خزمەتکردنی."

سەرۆک ترامپ هەروەها گوتی لەوەتای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەنجامدراوە، 2.4 ملیۆن هەلی کاری نوێ لە وڵاتەکە پەیدابوون، لەوانە 200 هەزاری لە بواری پـیشەسازیدابوون. گوتیشی هەروەها لە پاش چەندان ساڵ لە سیستی ئابوری وا ئێستا موچەی کرێکاران ڕوو لە زیادبوون دەکاتەوە.

گوتیشی 45 ساڵە هێندەی ئەمڕۆ ڕێژەی بێکاری لە وڵاتەکە کەم نەبووەتەوە، بە تایبەتی لە نێو ئەمەریکایـیە بە ڕەچەڵ ئەفریکایـیەکان و ئەمەریکایـیە لاتینەکان.

باسی لە گەشەکردنی بازاڕی بۆرسەی ئەمەریکا کرد و گوتی لە ماوەیەکی کورتدا توانیویەتی 8 ترلیۆن دۆلار لە بەهاکەی زیادبکات. گوتیشی هەر وەک چۆن بەڵێنی بە ئەمەریکایـیەکان دابوو لە پێش 11 مانگ، بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی توانیویەتی چاکسازی دارایی ئەنجام بدات و گەورەترین دابەزین بکات لە ئاستی وەرگرتنی باج لە مێژووی ئەمەریکادا.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد بەپـێی ئەم یاسا نوێـیەی باجدانە، خێزانێکی دوو کەسی هەتا داهاتی 24 هەزار دۆلار لە ساڵێکدا هیچ باجیان لێ وەرناگیرێت، وە خێزانێکی 4 کەسی کە داهاتی ساڵانەیان 75 هەزار دۆلارە تەنیا 2 هەزار دۆلار باج دەدەن، واتە نیوەی جارانیان.

گوتیشی لەوەتای یاسای کەمکردنەوەی ڕێژەی باجدان پەسەندکراوە، نزیکەی 3 ملیۆن کرێکار پارەی زیاتریان دەستکەوتووە. هەروەها کۆمپانیای ئەپڵ پـلانی داناوە کۆی 350 ملیار دۆلاری بخاتە کارەوە لە ئەمەریکا و 20 هەزار کرێکاری نوێ دابمەزرێنێت.

سەرۆک ترامپ نەوجەوانێکی بانگهێشتی مەراسیمی وتارەکەی کردبوو و گوتی پـریستن شاربی تەمەن 12 ساڵ کە لە ڕیدینگی ویلایەتی کالیفۆرنیا، لە ڕۆژی جەنگاوەرە دێرینەکان بەدی کردبوو گۆڕی جەنگاوەرە دێرینەکان ئاڵای ئەمەریکایان بەسەرەوە نیـیە، ئەویش هەستاوە بە پـێکهێنانی بزوتنەوەیەک کە توانیویانە 40 هەزار ئاڵا بخەنە سەر گۆڕی ئەو قارەمانانە. سەرۆک ترامپ گوتی "گەنجانی نیشتمانپەروەری وەک پرستن ئەرکە سیڤیلیـیەکانی خۆمان وەک ئەمەریکایی فێردەکەن." ئامادەبووانیش بە چەپڵە ڕێزانەوە بۆ ئەو نەوجەوانە هەستانە سەرپێ.

پاشان سەرۆک ترامپ گوتی هەموو ئەمەریکایـیەکان شایەنی ڕێز و پـێزانین و لە هەمان کاتیشدا دەبێت لێپـرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆیە ئەمشەو داوا لە کۆنگرێس دەکەم دەسەڵات بە وەزیرەکان بدەن پاداشتی فەرمانبەرە فیدراڵیـیە باشەکان بکەن و ئەو فەرمانبەرانەش لابەرن کە ئەرکەکانیان ئەنجام نادەن و کەم‌تەرخەمی دەکەن.

سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی وتارەکەی باسی لە کەرتی وزەش کرد و گوتی کۆتایـیان بە شەڕی سەر وزەی ئەمەریکا هێناوە بە تایبەتی لەسەر خەڵوزی بەردین، بۆیە ئێستا ئەمەریکا وزە هەناردەی دەرەوە دەکات.

هەروەها گوتی ئەو دەسەڵاتەی حکومەتی هەڵپەساردووە کە بووبووە هۆی ئیفلیجکردنی پـیشەسازی ئۆتۆمبیل بە تایبەتی لە شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشگن، ئەمەش تاوەکو سەرلەنوێ جموجۆڵ بکەوێتەوە ئەم شارەی بە شاری ئۆتۆمبیل ناسراوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد زۆرێک لە کارگەکانی ئۆتۆمبیل هەستاون بە کردنەوەی کارگەی نوێ لە ئەمەریکا، ئەمەش شتێکە دەیان ساڵە نەکراوە. گوتی کۆمپانیای کرایسلەر کارگەیەکی گەورەی خۆی لە مەکسیکەوە بەرەو میشگن دەگوێزێتەوە و تۆیۆتا و مازدا کارگەی نوێ لە ویلایەتی ئەلەباما دەکەنەوە.

پاشان سەرۆکی ئەمەریکا باسی لە گرفتی گرانی دەرمان لە وڵاتەکە کرد و گوتی بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵکردنی خۆراک و دەرمان ساڵی ڕابردوو هێندە مۆڵەتی بەکارهێنانی داوە بە ئامێری پـزیشکی و دەرمان کە پـێشتر لە مێژووی وڵاتەکە نەبووە. گوتیشی پـێویستە نرخی دەرمان کەمبکرێتەوە و ئەمەش یەکێک لە کارە سەرەکیـیەکانی دەبێت لە ماوەی ئەمساڵدا.

سەبارەت بە بینادنانەوەی ژێرخانی وڵاتەکە، سەرۆک ترامپ گوتی" ئەمەریکا وڵاتی بنیادنانە، لە ماوەی یەک ساڵدا تاوەری ئیمپایەر ستەیتمان دروستکرد، ئێستا جێی ئاپڕووچوون نیـیە ڕەنگە 10 ساڵی بەوێت هەتا مۆڵەت بۆ جادەیەکی ئاسایی وەربگرێت؟"

بۆیە داوای لە کۆنگرێس کرد پـرۆژە بڕیارێک پەسەندبکەن بۆ دابینکردنی بە لایەنی کەم 1.5 ترلیۆن دۆلار بۆ بوژاندنەوەی ئابوری وڵاتەکە. گوتیشی پـێویستە لەگەڵ خەرجکردنی هەر دۆلارێکی فیدراڵی حکومەتی ویلایەتەکان و ناوچەکان ئەوانیش لە خەرجیـیەکان بەشداربن.

پاشان سەرۆک ترامپ باسی لە کێشەی کۆچبەران کرد و گوتی لە چەند هەفتەی داهاتوو هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات دەنگ لەسەر کۆمەڵێک چاکسازی لە نێو یاسای کۆچبەری دەدەن. گوتیشی لە ئەنجامی وتووێژی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی لەگەڵ ئەندامانی کۆماری و دیموکراتی کۆنگرێس کۆمەڵێک پـێشنیاریان خستووەتە بەردەم کۆنگرێس تاوەکو لە لایەن هەردوو پارتەوە پشتیوانی لێبکرێت وەک چارەسەرێکی مامناوەندی. گوتیشی پـێشنیارەکە لە چوار خاڵی سەرەکی پـێکدێت، یەکەم دانانی ڕێوشوێن بۆ چۆنیەتی پـێدانی مافی هاوڵاتیبوون بە 1.8 ملیۆن لەو کەسانەی لە تەمەنی منداڵی بە شێوەیەکی نایاسایی هێنراون بۆ ئەمەریکا، ئەمەش نزیکەی سێ هێندەی ئەوە دەکات کە بەڕێوەبەرایەتی پـێشوو مۆڵەتی مانەوەی پـێدابوون. دووەم دروستکردنی دیوارێک لە سنوورەکانی باشوری وڵاتەکە هەتا ڕێگە لە هاتنی بە قاچاغی خەڵک بگیرێت. سێـیەم نەهێشتنی پـێدانی مافی کۆچبەری بە شێوەی لۆتەری. سێـیەم ڕێگە نەدرێت ئەوەی مافی هاوڵاتیبوون لە ئەمەریکا وەردەگرێت خزم و کەسوکاری بۆ ئەمەریکا ڕابکێشێت، بەڵکو تەنیا ئەو کەسانە بتوانرێت بهێنرێن کە کەسی نزیکبن، وەکو پـیاو هاوسەرەکەی و منداڵە خوار تەمەن 18 ساڵەکانی بهێنێت.

سەرۆک ئەمەریکا باسی لە کێشەی ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتەکە کرد و گوتی گرفتێکی گەورەیە و دەبێت چارەسەربکرێت. باسی لەوە کرد لە ساڵی 2016 بەهۆی ئالودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان 64 هەزار ئەمەریکایی گیانیان لەدەستداوە، واتە ڕۆژانە 172 کەس. گوتی بۆیە دەبێت زیاتر توندبین لەگەڵ بازرگانانی ئەم بەڵایە.

سیاسەتی دەرەوە

پاشان سەرۆک ترامپ باسی لە کێشە نێودەوڵەتیـیەکان کرد و گوتی لەم کاتەی هێز و توانایان لە نێو وڵاتەکە بنیاددەنێنەوە لە دەرەوەش ئەمەریکا هێز و پـێگەی خۆی بۆ دەگەڕێتەوە. گوتی لە سەرانسەری جیهان ئەمەریکا ڕووبەڕووی ڕژێمە بەدکار و گروپە تێرۆرستیـیەکان دەبێتەوە و هەروەها ڕکابەرانی وەکو چین و ڕووسیا کە بەرامبەر بەرژەوەندی و ئابوری و بەهاکانی ئەمەریکا وەستاون.

گوتیشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسیانە پـێویستە ئەمەریکا بەرگری خۆی بەهێزتربکات. سەرۆکی ئەمەریکا گوتی بۆیە داوا لە کۆنگرێس دەکات تەواوی خەرجیـیەکان بۆ وەزارەتی بەرگری پەسەندبکات. هەروەها گوتی وەک بەشێک لە بەهێزکردنی بەرگری ئەمەریکا دەبێت سەرلەنوێ عەمباری چەکی ناوکی ئەمەریکا نۆژەنبکرێتەوە. هیواشی خواست هەرگیز ئەمەریکا بەکاری نەهێنێت، بەڵام گوتی بەهێزکردنی هێزی ناوکی ئەمەریکا وەها دەکات هیچ وڵاتێک یان هەر لایەنێک بیر کاری دوژمنکارانە لە دژی ئەمەریکا بکاتەوە.

پاشان سەرۆک ترامپ گوتی ساڵی ڕابردوو بەڵێنی دا کاربکات لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمەریکا بۆ لەناوبردنی داعش لەسەر ڕووی زەوی، وە ئێستاش دوای ساڵێک ئەو هاوپەیمانێتیە توانی نزیکەی 100% ی ئەو ناوچانەی داعش لە عێراق و سوریا و ناوچەی دیکە داگیرکردبوون ڕزگاکران.

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە ئەو تێرۆستانەی دەسـتگیردەکرێن نابێت چیتر وەکو جاران ئازادبکرێن. گوتی ئەبو بەکر ئەلبەغدادی کە ڕێبەری داعشە یەکێک بوو لەوانەی لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەستگیرکرابوو بەڵام دواتر ئازادکرا. سەرۆک ترامپ گوتی بۆیە هەر ئەمڕۆ بەر لە وتارەکەی بڕیارێکی واژوکردووە کە تیایدا جێمس ماتس وەزیری بەرگری ڕادەستپێرێت بۆ هێشتنەوەی بەندیخانەی گوانتانامۆ بەی، ئەوەی تایبەتە بەو تێرۆرستانەی لە دەرەوەی ئەمەریکا دەسـتگیردەکرێن.

سەبارە بە هێزەکانی ئەمەریکا، سەرۆک ترامپ گوتی ئێستا ئەو هێزانە ڕێنمایی نوێـیان بۆ شەڕ هەیە. جەختی لەوەش کرد هێزەکان لەوێ دەمێننەوە و شانبەشانی هێزە ئەفغانیـیەکان شەڕی گروپە تێرۆرستیـیەکان دەکەن و هیچ کاتێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە ڕاناگەیەنن.

سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئیسرائیل بۆ شاری ئۆرشەلیم گوتی مانگی ڕابردوو بڕیارێکی دا کە پێش چەند مانگێک لە لایەن ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەندکرابوو، ئەویش داننان بەوەی ئۆرشەلیم پایتەختی ئیسرائیلە، بەڵام پاش ماوەیەکی کورد دەیان وڵات لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی مافی ئەم بڕیارە سیادیـیەی ئەمەریکا دەنگیان دا، ئەمەش لە کاتێکدا ئەمەریکا ساڵانە بە بەهای ملیاران دۆلار لە باجی ئەمەریکایـیەکان یارمەتی بەو وڵاتانە دەدات، بۆیە ئەمشەو داوا لە کۆنگرێس دەکەم ئەو یارمەتیانەی بۆ دەرەوە دەدرێن دەبێت لە خزمەتی بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا بن و تەنیا بۆ دۆستانی ئەمەریکا ڕەوانەبکرێن.

لە بارەی ئێرانەوە، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی کاتێک خەڵکی ئێران ڕاپەڕی لە دژی تاوانەکانی دیکتاتۆریەتی گەندەڵ، ئەو بێ دەنگ نەبووە. گوتی ئەمەریکا لە پاڵ خەڵکی ئێران دەبێت لە خەباتیدا لە پـێناو بەدەستهێنانی ئازادی.

داواشی لە کۆنگرێس کرد چارەسەری ئەو کەم‌وکوڕیانە بکەن کە لە نێو ڕێکەوتننامەی ناوکی ئێراندا هەیە.

سەرۆک ترامپ گوتیشی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی سزای توندی سەپاندووە بەسەر دیکتاتۆریە کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکانی لە کوبا و ڤەنزیوێلا هەن.

دواتر سەرۆک ترامپ گوتی بەڵام هیچ ڕژێمێک هێندەی ڕژێمی کۆریای باکور دڕندە و بێ بەزەیی نەبووە بەرامبەر خەڵکەکەی. گوتیشی هەوڵی ئەو وڵاتە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی ڕەنگە زوو ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئەمەریکا، بۆیە ئەوپەڕی هەوڵ دەدەن لەوەی ئەوە ڕوونەدات. گوتیشی ئەزمونی پـێشوو بۆی سەلماندون نەرمی و دانەواندن تەنها دوژمنکاری و ئیستیفزازی لێکەوتووەتەوە. سەرۆک ترامپ جەختی لەوە کرد سیاسەتی ئەو جیاواز دەبێت و گوتی هەڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیـیەکانی پـێشوو دووبارە ناکاتەوە کە ئەمەریکایان گەیاندە ئەم دۆخە مەترسیدارەی ئەمڕۆ.

سەرۆک ترامپ گوتی پـێوستە لە ناخی ڕژێمی کۆریای باکور بکۆڵینەوە تاوەکو لە ئاستی مەترسیـیە ناوکیـیەکانی بۆ سەر ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریکا وریابن.

پاشان باسی نمونەیەکی دڕندانەی ئەو ڕژێمەی کرد، ئەویش چۆن خوێندکارێکی ئەمەریکایی لە ئەمەریکا دەستگیرکرابوو و حوکمی زیندانی داربوو و پاشان بە نەخۆشی ڕەوانەی ئەمەریکایان کردەوە و گیانی لەدەست دا.

سەرۆک ترامپ لە کۆتایی وتارەکەی گوتی " وڵاتەکەمان بۆ هەمیشە بەهێز و پارێزراو و سەربەرز و ئازاد دەبێت."

XS
SM
MD
LG