Accessibility links

سەرۆک ترامپ ئەمشەو وتاری ساڵانەی سەرۆک پـێشکەش دەکات


سەرۆک ترامپ ئەمشەو سێـیەم وتاری ساڵانەی خۆی وەک سەرۆکی ئەمەریکا پـێشکەش دەکات و چاوەڕوان‌دەکرێت تیایدا ئاماژە بۆ چەند کارێکی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی بکات لە ماوەی ساڵی ڕابردوو ئەنجامی داون.

بڕیارە لە کاتژمێر 9 ی شەو بە کاتی واشنتنی پایتەخت، سەرۆک ترامپ بگاتە کۆنگرێس و لەوێ پـێشوازیـیەکی گەرمی لێبکرێت، بە تایبەتی لە لایەن کۆماریـیەکانەوە، لەم کاتەی پـرۆسەی دادگایـیکردنەکەی لە ئەنجومەنی سینات بەڕێوەدەچێت.

پـێشبینی دەکرێت سەرۆک ترامپ لە وتارەکەی ئاماژە بۆ کۆمەڵێک گۆڕانکاری ناو ئەمەریکا بکات کە بە سەرکەوتنی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی ناودێریان دەکات، لەوانە زیادبوونی هەلی کار و گەشەکردنی ئابوری وڵاتەکە، ڕێکەوتنە بازرگانیـیەکان لەگەڵ وڵاتاندا.

چاوەڕوانیش دەکرێت جارێکی دیکە جەخت بکاتەوە سەر هەوڵەکان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ئەمەریکایـیەکان و خزمەتگوزاریـیەکانی پـێشکەشیان دەکرێت، بە تایبەتی لە بواری تەندروستیدا. هەروەها باسیش لە توندترکردنی سنوورەکانی باشوری وڵاتەکە بکات بە ئامانجی ڕێگەگرتن لە هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی.

سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، بڕوادەکرێت باسی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ نەهێشتنی تێرۆرزم بکات، لەوانە کوشتنی ئەبو بەکر ئەلبەغدای ڕێبەری پـێشووی داعش و قاسم سولەیمانی فەرماندەی پـێشووی هێزی قودسی ئێران، کە بە کردەوە گەورەکانی بەڕێوەبەرایتیـیەکەی دادەنێت.

سەرۆک ترامپ لە کاتێکدا ئەم وتارە پـێشکەش دەکات، لە ئەنجومەنی سینات پـرۆسەی دادگایـیکردنی بەڕێوەدەچێت بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی سەرۆک و دروستکردنی کۆسپ لە بەردەم لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس.

دیموکراتەکان توانیان لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو بڕیاری ئیمپـیچکردنەکەی سەرۆک ترامپ لە کۆنگرێس پەسەندبکەن، بەڵام کۆماریـیەکان کە زۆرینەن لە ئەنجومەنی سینات، ئێستا زۆر بە توندی بەرەو ڕووی دیموکراتەکان وەستاونەتەوە، بۆیە چاوەڕوان‌دەکرێت دیموکراتەکان شکست بهێنن لە هەوڵەکانیان بۆ تاوانبارکردنی سەرۆک ترامپ.

بەپـێی میدیاکانی ئەمەریکا، سێ ئەندامی دیموکراتی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریان داوە ئامادەی مەراسیمەکەی ئەمڕۆی وتاری ساڵانەکەی سەرۆک نەبن، ئەوانیش ئێرڵ بلومناوەر و ستیڤ کۆهێن، فریدریکا وێڵسن.

XS
SM
MD
LG