Accessibility links

سەرۆک ترامپ: مایک پـێنس بەرپـرس دەبێت لە مەلەفی نەخۆشی کۆرۆنا


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە کاربەدەستانی باڵای تەندروستی ئەمەریکا و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس ئامادەبوون تیایدا وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی " زۆر بەباشی " مامەڵەی لەگەڵ ئەم قەیرانەدا کردووە.

سەرۆک ترامپ وتی ئەمەریکا " ئامادەیە " بۆ هەر شتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا بیهێنێت و مایک پێنسی جێگریی کردە بەرپرسی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تەندروستی ئەمەریکا و تیمەکەی سەرۆک ترامپ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە کاردەکات.

هەروەها وتیشی ئامادەم چی " گونجاو بێت بیکەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەنانەت ئەگەر ئەوە مانای ئەوە بێت ملیاران دۆلاری بۆ تەرخان بکەین." سەرۆک ترامپ لە ماوەی ڕابردوودا بە کۆنگرێسی ئەمەریکای ڕاگەیاند پێویستە 2.5 ملیار دۆلار تەرخان بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، لەکاتێکدا ئەندامانی باڵای دیموکراتەکان لە کۆنگرێس دەڵێن دەبێت زیاتر لە 2.5 ملیار دۆلار تەرخان بکرێت.

سەرۆک ترامپ لە میانەی کۆنفراسە ڕۆژنامەوانیەکەدا وتی " ئێمە زۆر زۆر ئامادەین بۆ ئەمە، بۆ هەمووشتێک، تەنانەت ئەگەر زۆر بەخێراییش بڵاو ببێتەوە." وتیشی " ئێمە تەنها 15 حاڵەتی توشبوونمان هەیە لە ئەمەریکادا لەکاتێکدا کە هەموو جیهان سەردانی وڵاتەکە دەکەن، ئەوەش شتێکی باشە."

سەرۆک ترامپ ئەوەشی خستەڕوو لەگەڵ سەرۆکی چین شی چین پینگدا قسەی کردووە، وتی " سەرۆک شی پێی ڕاگەیاندووم دەیەوێت بەزووترین کات ئەم ڤایرۆسە لە چیندا نەمێنێت و دووبارە ژیان لە چین بگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی." هەروەها وتیشی کاربەدەستانی تەندروستی چین لە پەیوەندییدان لەگەڵ شارەزایانی تەندروستی ئەمەریکادا و بەردەوام ڕاوێژییان پێدەدەین.

XS
SM
MD
LG