Accessibility links

سەرۆک ترامپ فەرمانێک واژودەکات بۆ چاکسازی لە دەزگاکانی پـۆلیس


سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانێکی سەرۆکایەتی واژوکرد بە مەبەستی چاکسازی لە دەزگاکانی پـۆلیسی وڵاتەکە بە شێوەیەک تەنیا بۆ حاڵەتی پـێوست هێز بەکاربهێنن.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە لە چیمەنی کۆشکی سپی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەفسەر و بەرپـرسانی پـۆلیس، فەرمانەکەی واژوکرد و گوتی بۆ ئەوەیە دەزگاکانی پـۆلیس پابەندی تەواوی ڕێساکانیان بن و بە شێوەیەکی تەواو پـرۆفشنەڵانە مامەڵە بکەن.

پاشان گوتی بڕیارەکەی ئەوەشی تێدایە کە ڕێگەی دانانی ئەژنۆ لەسەر مل نابێت بەکاربهێنرێت تەنیا لە حاڵەتێکدا کە ژیانی پـۆلیس لە مەترسیدابێت.

لە بەشێکی وتارەکەی ڕەخنەی لە براک ئۆباما سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا و جۆو بایدن جێگری گرت و گوتی هەرگیز هەوڵیان نەدابوو چاکسازی لە دەزگاکانی پـۆلیسدا بکەن.

بەڵام دیموکراتەکان ئەم لێدوانەی سەرۆک ترامپ ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما لە پاش کوژرانی مایکڵ بڕوان لە ساڵی 2014 بە دەستی پـۆلیسێک لە شاری فرێگسنی ویلایەتی میزوری دەیان ڕێنمایی دەرکردووە بۆ باشکردنی ڕەفتاری دەزگاکانی پـۆلیس.

ئەم فەرمانەی سەرۆک ترامپ پاش ئەوە هات کە ڕەشپـێستێکی دیکە بە دەستی پـۆلیسێک لە شاری ئەتلەنتا ویلایەتی جۆرجیا کوژرا.

لە فەرمانەکەی سەرۆک ترامپدا ڕاسپـێردراوە ڕاهێنانی چڕ بە ئەندامانی پـۆلیس بکرێت لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی هێز.

بەپـێی ئامارەکان، ساڵانە نزیکەی هەزار کەس بە دەستی پـۆلیس لە ئەمەریکا دەکوژرێن و هەروەها دەیان پـۆلیسیش لە کاتی ئەرکەکانیاندا دەکوژرێن.

XS
SM
MD
LG