Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت ڕێگە نادات ئەمەریکا ببێتە " کامپی کۆچبەران "


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی ڕێگە نادات ئەمەریکا ببێتە کامپی کۆچبەران لەکاتێکدا بەڕێوبەرایەتییەکەی ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی توند بۆتەوە سەبارەت بە جیاکردنەوەی منداڵان لە باوانیان لەسەر سنووری ئەمەریکا- مەکسیک.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی توند بۆتەوە لەلایەن ئەندامانی حیزبی دیموکراتەکان و هەندێک ئەندامی حیزبەکەی خۆشیەوە بەهۆی جیاکردنەوەی نزیکەی 2000 منداڵ لە باوانیان لەسەر سنوور. پزیشکەکان دەڵێن ئەم ڕێوشوێنە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئەو منداڵانە توشی شۆک ببن و بۆ ماوەیەکی درێژ ئەو شۆکە لەگەڵیاندا بمێنێتەوە.

سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی وتی " ئەمەریکا نابێتە کامپی کۆچبەران، یان پەنابەران. هەرگیز وای لێنایات. دەبینن لە ئەوروپا و ناوچەکانی دیکە چی ڕوودەدات. ڕێنادەین ئەوە لە ئەمەریکا ڕووبدات، لە سەردەمی مندا ئەوە ڕوونادات."

سەرۆک ترامپ لە تویتەردا نوسیویەتی پێویستە خەڵک هەست بە نیگەرانی بکات لە گۆڕانکاری ڕۆشنبیریدا کە کۆچبەرانی ئەوروپا دروستیان کردووە.

سەرۆک ترامپ لە تویتەری نوسیویەتی " تاوان لە ئەڵمانیا زیاد دەکات. هەڵەیەکی زۆر گەورە کراوە لە سەرتاسەری ئەوروپادا کە ڕێیانداوە ملیۆنان خەڵک بێنە ناو وڵاتەکانیانەوە و بە توندوتیژی و بەهێزییەوە ڕۆشنبیری ئەو وڵاتانەیان گۆڕیوە."

لە جنێڤ، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمیر زەید بن ڕەعد حسێن داوای لە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ کرد واز لە سیاسەتی جیاکردنەوەی منداڵان بهێنێت لە باوانیان و وتی ئەو سیاسەتە بێ ویژدانییە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG