Accessibility links

ترامپ دەڵێت یاخیبوونەکەی گروپی ڤاگنەر بە شێوەیەک لە شێوەکان پوتنی لاواز کرد


سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەڵێت یاخیبوونەکەی ڤاگنەر "بە شێوەیەک لە شێوەکان سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنی لاواز کرد و ئێستا کاتی ئەوەیە ئەمەریکا هەوڵ بدات نێوەندگری بکات لە ڕێککەوتنێک لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا."

ترامپ لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە بە ڕۆیتەرزی وت " دەمەوێت مردنی خەڵک بەهۆی ئەم جەنگە بێمانایەوە ڕابگیرێت."

سەبارەت بە ئۆکرانیاش ترامپ وتی ڕەنگە حکومەتی ئۆکرانیا ناچار بێت هەندێک لە خاکەکەی بدات بە ڕووسیا تاوەکو جەنگەکە کۆتایی پێبێت، وتیشی ئەگەر سەرۆک بووایە هەمووشتێک "دەکرا گفتوگۆی لەسەر بکرێت "، بەڵام ئۆکرانییاییەکان کە شەڕێکی سەختییان کردووە بۆ بەرگریکردن لە خاکی خۆیان "شانازییەکی زۆرییان بە دەستهێناوە."

وتی "پێم وایە ئەوان شایەنی ئەوەن ئەوەی بە دەستییان هێناوە بیپارێزن و بۆ خۆیان بێت و پێم وایە ڕووسیاش لەسەر ئەوە ڕازی دەبێت. پێویستت بە نێوەندگرێکی ڕستەقینە هەیە، لە ئێستاشدا ئەوەمان نیە."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و هاوپەیمانێتی ناتۆ دەیانەوێت ڕووسیا لە سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا بکشێنەوە. ئۆکرانیاش هێرشێکی بەپرچدانەوەی دەستپێکردووە و چەند دەستکەوتێکی بچووکی هەبووە لە دەرکردنی هێزەکانی ڕووسیادا.

ترامپ وتی "پێم وایە گەورەترین شت کە ئەمەریکا دەبێت ئێستا بیکات ئەوەیە ئاشتی دروست بکات، ڕووسیا و ئۆکرانیا کۆبکاتەوە و ئاشتی دروست بکەن. دەتوانن ئەوە بکەن. ئێستا کاتی ئەوەیە، دوو لایەنەکە کۆبکەیتەوە و ئاشتی بسەپێنیت."

ترامپ وتی پوتن بە ڕاپەڕینەکەی گروپی ڤاگنەر و فەرماندەکەی یەڤیگنی پریگۆژین زیانی پێگەیشت.

وتیشی "دەتوانیت بڵێیت پوتن هێشتا لە شوێنی خۆیەتی، هێشتا بەهێزە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەڵێم بە شێوەیەک لە شێوەکان لاواز بووە، لانیکەم لە مێشکی خەڵکێکی زۆردا."

وتی بەڵام ئەگەر پوتن چیتر لەسەر دەسەڵات نەمێنێت، " نازانیت جێگرەوەکە چی دەبێت. دەکرێت باشتر بێت، بەڵام دەشکرێت زۆر خراپتر بێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG