Accessibility links

دانۆڵد ترامپ دەگەڕێتەوە بۆ دادگا


سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ گەڕایەوە بۆ دادگایەکی شاری نیویۆرک تاوەکو ببێتە بینەر لە دادگاییکردنێکدا بە تۆمەتی ساختەکاری سڤیل، تۆمەتەکە مەترسی تێکدانی ئیمپڕاتۆرییەتی خانووبەرەکەی لەسەر ترامپ دروست کردووە، جارێکی دیکە ئاماژەی بەوە دایەوە کە دۆسییەکە بێ بنەمایە و لە ڕووی سیاسییەوە ئامانجی ئەوەیە هەڵمەتەکەی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 تێک بدات.

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ترامپ ئامادەی سێ ڕۆژی یەکەمی دادگاییەکە بوو، ترامپ سەرەتا پلانێکی دانا بۆ گەڕانەوە بۆ دادگا کە هاوکات بێت لەگەڵ شایەتیدانەکەی مایکڵ کۆهیندا، کە پێشتر پارێزەری ترامپ بوو بەڵام دواتر بووە دوژمنی. بەڵام دەرکەوتنی کۆهین لە دادگا وەکو شایەتحاڵێک دواخرا بۆ هەفتەی داهاتوو.

دادوەری گشتی نیویۆرک لێتیشیا جەیمس سکاڵایەکی دژی ترامپ تۆمارکردووە و لە سکاڵاکەدا ئاماژە بەوە دەدات ترامپ و کۆمپانیاکەی، بانک و بیمەدەران و ئەوانی دیکەیان هەڵخەڵەتاندووە، ئەوەش لە ڕێی زیادەڕەویکردن لە بەهای سەروەت و سامانی ترامپ لە بەیاننامە داراییەکانیدا و بەکارهێنانی ئەو بەیاننامانە بۆ بە دەستهێنانی گرێبەستی زیاتر و پارەی زیاتر.

ترامپ ڕەتی دەکاتەوە هیچ کارێکی هەڵەی کردبێت و دەڵێت لەڕاستیدا سەروەت و سامانەکەی کەم نرخ کراون و پێی وایە ڕەتکردنەوەی بەرپرسیارێتی لە بەیاننامە داراییەکاندا بەو مانایە بووە کە بە بانکەکان و وەرگرانی دیکە بڵێن بۆ خۆیان ژمارەکان بپشکنن.

ترامپ وتی " کۆمپانیایەکی مەزنمان دروست کرد، پارەیەکی زۆر، سەروەت و سامانی زۆر مەزنی تێدایە، هەندێک لە مەزنترین سەروەت و سامانەکانی خانووبەرە لە هەموو جیهاندا."


دادوەری گشتی نیویۆرک، لێتیشا جەیمسی دیموکرات، لە ساڵی 2019 لێکۆڵینەوەکانی لە ترامپ دەستپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی مایکڵ کۆهین لە کۆنگرێس شایەتیدا و وتی ترامپ مێژووی هەیە لە خراپ پێشکەشکردنی بەهای سەروەت و سامانەکەی تاوەکو مەرجی باشی قەرز و سوودی باجی دەستبکەوێت.

ڕۆژی دووشەممە کۆهین وتی خۆی لە ترامپ نادزێتەوە، وتی تەندروستی باش نیە لەبەر ئەوە بەشداری دادگاییەکەی نەکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا هەر کاتێک تەندروستی باش بوو شایەتی دەدات.

وتی " کاتێک شایەتی دەدەم، دڵنیام لەوەی دانۆڵد ئامادە دەبێت، لەگەڵ پارێزەرەکانیدا دادەنیشێت."

لەبری کۆهین، شایەتییەکەی یاریدەدەری مامەڵەکاری کۆمپانیاکەی ترامپ، دۆنا کیدەر ئامادە دەبێت. پارێزەرانی ویلایەتەکە وتییان پێشبینی دەکرێت بانگهێشتی جاک ویسلبێرگیش بکەن، کە کوڕی سەرۆکی دارایی کۆمپانیاکەی ترام ئالن ویسلبێرگە. کوڕەکەی لە کاتێکدا کە جێبەجێکار بووە لە کۆمپانیای لادەر کاپیتاڵ، کارەکانی دارایی ترامپی ڕێکخستووە.

ترامپ لە ماوەی دادگاییکردنەکەیدا لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا وتی دادگاییکردنەکە فێڵە و جەیمسی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ زیان گەیاندن بە هەڵمەتەکەی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 ی ئەمەریکادا.

ترەمپ ڕەخنە جۆراوجۆرەکانی خۆی لە دۆسیەکە و دادوەر ئارثەر ئینگۆرۆن دووبارە کردەوە، ئینگۆرۆنی دیموکرات بەبێ دەستەی سوێندخۆران گوێ لە دۆسیەکە دەگرێت، ئەو دۆسییەیە بەپێی یاسایەکی ویلایەتەکە خراوەتەڕوو کە ڕێگە بە دەستەی سوێندخواردن نادات.

ترامپ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی " تروث " ی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر ئینگۆرۆن وەکو کەسێکی توندڕەو و " سیاسییەکی زیادەڕۆ." بەڵام چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە لە بەردەم دادگادا بە تۆنێکی نەرمتر قسەی کرد. ترامپ وتی خەریکە حەزی بە ئینگۆرۆن دەبێت و ڕێزی لێدەگرێت بەڵام باوەڕی وایە دیموکراتەکان " وەکو پینبۆڵ یاری پێدەکەن."

دوای ئەوەی ترامپ لە ڕۆژانی یەکەمی دادگاییکردنەکەیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕقی لە کارمەندێکی سەرەکی دادگا هەڵگرت، دادوەرەکە بانگی کرد بۆ کۆبوونەوەیەکی داخراو و فەرمانی سنووردارکردنی قەدەغەکردنی قسەکردنی دەرکرد و بەشداربووانی دۆسیەکەی ئاگادارکردەوە کە ئەندامانی ستافەکەی لکەدار نەکەن. هەروەها دادوەر فەرمانی بە ترامپ کردووە ئەو پۆستە بسڕێتەوە.

یەکەم گەشتی ترامپ بۆ دادگاییکردنەکە کۆمەڵێک دەزگای ڕاگەیاندنی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و بووە هۆی ئەوەی خاڵی پشکنینی ئاسایشی زیاتر و بەربەستی کانزایی بەدرێژایی شەقامەکان دابندرێت و بریکارەکانی خزمەتگوزاری نهێنی بە درێژایی دیوارەکانی هۆڵی دادگاکەدا ڕیز ببن.

گەڕانەوەی ترامپ بۆ دادگاکە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت دادوەرەکەی لە دادگاییەکەی دیکەیدا لە واشنتندا لەسەر دۆسییەی تاوانی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا فەرمانێکی قەدەغەکردنی قسەکردنی دەرکرد، کە تێیدا لەسەر ترامپی قەدەغە دەکات ئەو جۆرە بەیاننامانە دەربکات کە دادوەرانی گشتی و شایەتحاڵان و کارمەندانی دیکەی دادگا دەکەنە ئامانج.

لە بڕیارێکی پێش دادگاییکردنیدا لە دۆسیەی سڤیلی نیویۆرک لە مانگی ڕابردوودا، ئینگۆرۆن بانگەشەی سەرەکی یەکلاییکردەوە و بڕیاریدا ترامپ و کۆمپانیاکەی چەندین ساڵە ساختەکارییان کردووە، لە ڕێی زیادەڕەویکردن لە بەهای سەروەت و سامانی ترامپ لە بەیاننامە داراییەکانیدا.

وەک سزایەک، ئینگۆرۆن فەرمانی دا کە وەرگرێک کە لەلایەن دادگاوە دەستنیشان کربکرێت تاوەکو کۆنترۆڵی هەندێک لە کۆمپانیاکانی ترامپ بکات، ئەمەش چاودێری داهاتووی تاوەری ترامپ و موڵکەکانی دیکەی مارکیی خستە ژێر پرسیارەوە. لەو کاتەوە دادگایەکی پێداچوونەوە بۆ ئێستا ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەو لایەنەی بڕیارەکە کردووە.

دادگاییکردنەکە پەیوەندی بە شەش سکاڵای یاساییەوە هەیە کە لە داواکارییەکەدا ماونەتەوە، لەوانە تۆمەتی پلانگێڕی و ساختەکاری لە بیمە و ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکاندا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG