Accessibility links

سەرۆک ترامپ لە بانگەشەکانی بۆ کاندیدە کۆماریـیەکان بەردەوامە


سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ دووشەممە دەگاتە سێ ویلایەتی وڵاتەکە، ئەمەش لە دوایین هەوڵیدا بۆ راگرتنی دیموکراتەکان لەو خواستەی هەیانە بۆ تێکشکاندنی قەڵای کۆماریـیەکان لە کۆنگرێس لە میانەی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی، ئەوەی وەک ڕیفراندۆمێک لێی دەڕواندرێت بۆ کارەکانی سەرۆک لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا.

لە هەڵمەتەکەیدا سەرۆک ترامپ دەگاتە شاری کلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهایۆ و شاری فۆرت وەینی ئیندیانا و پاشان کەیپ جیڕاردۆی ویلایەتی میزۆری، بەمەش هەتا نیوە شەو درێژە بە هەڵمەتەکەی دەدات بەر لەوەی بگەڕێتەوە واشنتنی پایتەخت و پاش چەند کاژمێرێک بنکەکانی دەنگدان بکرێنەوە.

سەرۆک ترامپ بەر لەوەی بۆ دوایین هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێبکەوێت ، لەسەر تویتەرەکەی نوسیویەتی "بچن دەنگ بدەن و ئەوەتان لە یاد بێت کە ئێمە ئێستا مەزنترین ئابوری کارمان هەیە لە نێوی وڵاتەکەماندا."

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت بە گوێرەی راپرسیەکان، کۆماریـیەکان بە ئاسانی دەتوانن ئەنجومەنی سینات لە دەستی خۆیاندا بهێڵنەوە. دیموکراتەکان لە رۆژانی کۆتایی هەڵمەتەکەیاندا گەرەترین هەوڵی خۆیان خستووەتەگەڕ، براک ئۆبامای سەرۆکی پێشوو دوێنێ یەکشەممە لە ویلایەتی ئیندیانا دوایین بانگەشەی خۆی بۆ دیموکراتەکان کرد.

XS
SM
MD
LG