Accessibility links

ترەمپ: ئەوانەی پشـتیوانی لە توندڕەوی و ڕق و کینە دەکەن نابێت ڕێگەیان پـێبدرێت بێنە ئەمەریکاوە


کاندیدی کۆماریـیەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا داوادەکات لێکۆڵینەوەیەکی ورد و توند بکرێت لەگەڵ ئەوانەی خوازیارن کۆچ بۆ ئەمەریکا بکەن.

دوێنێ دووشەممە لە گردبوونەوەیەکی کۆماریـیەکان لە شاری یۆنگستاون لە ویلایەتی ئۆهایۆ، دۆناڵد ترەمپ ئەم داوایەی کرد و گوتی دەبێت لە بارەی بیرۆبۆچوون و شێوازی بیرکردنەوەیان بزانین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو خەڵکانەی خوازیارن بێنە ئەمەریکاوە هاوڕان لەگەڵ بەهاکانی وڵاتەکەوە و ڕێز لە ئەمەریکایـیەکان دەگرن.

جەختی لەوەش کرد ئەگەر بە سەرۆک هەڵببژێردرێت، ئەوا سیاسەتێـکی توندی کۆچبەری دادەڕێژێت و بە شێوەیەکی کاتی هاتنی کۆچبەر لە ناوچە مەترسیدارەکانی جیهانەوە بۆ وڵات ڕادەگرێت، ئەوانەی ڕابردوویەکیان هەیە لە پشـتیوانیکردنی تێرۆرزم.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە لە ئێسـتادا ژمارەی کۆچبەران بۆ ئەمەریکا هێندە زۆرە کە ناتوانرێت لێکۆڵینەوەی وردیان لەگەڵدا بکرێت

سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، دۆناڵد ترەمپ گوتی سەنگی دەخاتە سەر نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی ئیسلامی ڕادیکاڵ و هەر کەسێـک لەم ئامانجە هاوبەشمان بێت، ئەوا دەبێتە هاوپەیمانێـکی ئەمەریکا. گوتیشی لە چەند ڕوویـیەکەوە شەڕی داعش دەکات، لەوانە لەشکری و ئەلیکترۆنی و دارایی.

پاشان هێرشی کردە سەر سەرۆک ئۆباما و هێلەری کلنتن کە وەزیری دەرەوە بووە و گوتی هەڵسەنگاندنی خراپـیان بۆ عێراق و سوریا و لیبیا هەبووە.

گوتی قسە و کردارە لاوازەکانی ئۆباما لە بەرامبەر داعش وایکرد ئەو گروپە گەشە بکات و هێلەری کلنتنیش ئەو هزر و بیر و توانایەی نیـیە ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە.

XS
SM
MD
LG