Accessibility links

دۆناڵد ترەمپ: سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەبەمەوە و وڵاتەکە مەزنتردەکەین


دۆناڵد ترەمپی ملیاردێر بە فەرمی لە لایەن کۆماریـیەکانەوە هەڵبژێردرا وەک کاندیدی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمساڵی ئەمەریکا.

شەوی سێشەممە نوێنەرانی کۆماریـیەکان لە کۆنگرەی نیشتمانی خۆیان لە شاری کلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهایۆ دەنگی خۆیان دا بۆ هەڵبژاردنی کاندیدی پارتەکەیان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا و لە ئەنجامدا دۆناڵد ترەمپی تەمەن 70 ساڵ پـشتیوانی 1725 نوێنەری بردەوە لە کاتێـکدا تەنیا پـێویستی بە پـشتیوانی 1237 نوێنەر هەبوو.

هەرچەندە پـشتیوانیـیەکی باشی لێکراوە، بەڵام کەمیش نەبوون ئەوانەی دەنگیان پێ نەدا. نوێنەرانی ویلایەتی میشگن هیچ کامیان دەنگیان نەدا تاوەکو دەنگ بە تاکە کاندیدی پارتەکەیان دۆناڵد ترەمپ نەدەن. ویلایەتی کۆلۆرادۆ لە کۆی 21 نوێنەر تەنیا 4 نوێنەریان دەنگیان پێ دا. واشنتنی پایتەخت کە 19 نوێنەری هەیە، هەموویان دەنگیان دا بە سیناتۆری ویلایەتی فلۆریدا مارکۆ ڕۆبیۆ و فەرمانڕەوای ویلایەتی ئۆهایۆ جۆن کەیسک.

هاوکات سیناتۆری ویلایەتی تەکساس تێد کروز پشتیوانی 475 نوێنەری لە کۆنگرەکە بەدەسـتهێنا و جۆن کەیسک 120 و سیناتۆری ویلایەتی فلۆریدا مارکۆ ڕۆبیۆ 114 و دکتۆر بێن کارسۆن 7 و جێب بوش فەرمانڕەوای پـێشووی فلۆریدا 3 و ڕاند پـۆڵ سیناتۆری ویلایەتی کەنتاکی 2.

هەروەها نوێنەرەکان دەنگیان لەسەر کاندیدی خۆیان بۆ جێگری سەرۆک دا و سەرئەنجام فەرمانڕەوای ویلایەتی ئندیانا مایک پـێنسی تەمەن 57 ساڵ بۆ جێگری دۆناڵد ترەمپ پەسەندکرا.

پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان دۆناڵد ترەمپ لە تاوەرەکەی خۆی لە نیویۆرک بە ڤیدیۆوە وتارێکی بۆ ئامادەبووانی کۆنگرەکە لە کلیڤلاند پـێشکەش کرد و تیایدا گوتی ئەو پشـتیوانیـیەی ئەمڕۆ لە لایەن خێزانەکەی و کۆماریـیەکانەوە لێی کراوە هەرگێز لە بیر ناکات و جێی شانازیـیە بۆ ئەو مایک پـێنس ببێتە جێگری.

ترەمپ لە میانەی وتارەکەی جەختی لەوە کرد کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەسـت دەهێنێت و گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە وڵاتەکە دەکات و مەزنتری دەکات و سەرۆکایەتیـیەک دەکات کە لە میانەیدا گرنگی دان بە ئەمەریکایـیەکان لە پـێش هەموو کارێـکی دەبێت.

گوتیشی هەلی کار لە وڵاتەکە زیادەکات و سەرلەنوی لەشکری ئەمەریکا بنیاددەنێتەوە و گرنگی بە سەربازانی دێرین دەدات و سنوورەکانی وڵاتەکەی توندوتۆڵتر دەکات و داعش لەناودەبات.

XS
SM
MD
LG