Accessibility links

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند جۆن بۆڵتن دەخاتە شوێنی مکماستەر


جۆن بۆڵتن

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند نوێنەری پێشووی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن دەخاتە شوێنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا هێربەرت ڕەیمند مکماستەر.

سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە هەژماری تایبەتی خۆی نووسیویەتی " خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم لە نۆی مانگی چوارەوە جۆن بۆڵتن دەبێتە ڕاوێژکاری نوێی ئاسایشی نیشتیمانی. من زۆر سوپاسگوزاری خزمەتەکەی جەنەڕاڵ ئەیچ ئاڕ مکماستەرم کە کارێکی زۆر باشی کردووە و هەمیشە وەکو هاوڕێم دەمێنێتەوە. لە چواری مانگی نۆدا بە فەڕمی دەستبەدەستکردنەکە ئەنجام دەدرێت."

هەروەها لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەیچ ئاڕ مکماستەر بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ ماندوونەناسانە خزمەتی ئەم وڵاتەی کردووە. شەڕی زۆری بردۆتەوە و ئازایەتی ئەو ئەفسانەییە. "

بەرپرسانی ئەمەریکی وتیان جەنەڕاڵ مکماستەر واز لە سوپا دەهێنێت. وتیان چەند هەفتەیەکە لەگەڵ سەرۆک ترامپدا گفتوگۆ لەسەر واز هێنانی دەکەن، بەڵام بڕیاریداوە زووتر واز بهێنێت.

بەرپرسان وتیشیان سەرۆک ترامپ ویستوویەتی تیمەکەی ئاسایشی نیشتیمانی پڕ بکاتەوە پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا.

جۆن بۆڵتن کە لە نۆی مانگی چواردا دەست بەکاردەبێت چەند جارێک لەگەڵ سەرۆک ترامپدا کۆبۆتەوە بۆ باسکردن لە سیاسەتی دەرەوە و یەکێک بووە لە کاندیدەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی.

جێی ئاماژەیە جۆن بۆڵتن وەکو سەرۆک ترامپ یەکێکە لەو کەسانەی کە بەتەواوەتی دژی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێرانە کە لە ساڵی 2015 دا لەنێوان زلهێزەکانی جیهان و ئێراندا واژۆ کراوە بۆ ڕێگەگرتن لە ئێران تاوەکو چەکی ناوەکیی بەدەست نەهێنێت. هەروەها یەکێکیش بووە لەوانەی کە پشتگیری لە بژاردەی سەربازیی دەکرد دژی کۆریای باکوور و ئێران و هەڵوێستێکی توندی هەیە بەرامبەر ڕوسیا.

XS
SM
MD
LG