Accessibility links

ترامپ توانای زەینی بایدن دەخاتە ژێر پرسیارەوە


سەرۆکی ئەمریکا گومان لە توانای زەینی و زیرەکی جۆ بایدن دەکات وەک ڕکابەری خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدە و دەڵێت کە ئەو شایستەی سەرۆکایەتی نییە.

ترامپ لە چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ ڤۆکس نیوز ڕۆژی یەکشەمە لە زەنجیرەی هێرشەکانیدا بۆ سەر بایدن وتی کە " بایدن توانای ئەوەی نییە دوو ڕەستە بە دروستی پێکەوە بنێت. "

ترامپ گاڵتە بە بایدن دەکات و دەڵێت کە ئەو هێند پێرە لە کاتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکاندا، تەنیا دەتوانێت ئەوەی بۆی نووسراوە بیخوێنێتەوە و دواتر بڕواتەوە ناو ژێرزەمینەکەی.

ترامپ بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانیدا و دەڵێت کە " ئێوە بە من بڵێن کە ئایا خەڵکی ئەمریکا لە سەردەمێکدا کە لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بە شێوەیەک تێکەوتووین کە دەیانەوێ کێشەمان بۆ ساز بکەن، بەم حاڵەوە پێویستان بە کەسێکە بەم تەمەنەوە؟"

هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ترامپ لە ڕێکلامێکدا ئەو پرسیارەیان بڵاو کردوەتەوە کە ئایا بایدنی تەمەن 77 ساڵ، گەر بێت و لە هەڵبژاردنەکانی 3 مانگی یازدەدا سەرکەوێت لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا، توانا زەینیەکەی بەرەو کەمتر بوون ناڕوات.

ترامپی تەمەنی 74 ساڵ لە ئیستادا بە تەمەنترین سەرۆککۆمارە.

بایدن ڕۆژی یەکشەمە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا وتی کاتی ئەوە بە سەرچووە کە چیدیکە ترامپ بییەوێت بە قسەی کەسێکی دیکە بکات جیا لە خۆی سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەرییەکان بۆ پەتای کۆرۆنا، لەبەر ئەوەی کە دوای 6 مانگ لە بەڕێوبردنی خراپ، کێشەکە لە کونتڕۆل دەرچووە.

ئەو دەشڵێت: " جەنابی سەرۆک کۆمار بێ ئاگایی و نەزانین سیفەتێکی باش و نیشانەی دەسەڵات و هیز نییە- ئەمە کاردانەوەی ئێمە بۆ کێشە و قەیرانەکان لاواز دەکات."

کریس واڵێس، رۆژنامەنووسی فۆکس نیوز لە چاوپێکەوتنێکدا کە رۆژی هەینی لە کۆشکی سپیدا لەگەڵ ترامپ ئەنجامی دا ، ئەم پرسیارەی لە سەرۆککۆماری ئەمریکا کرد کە ئایا بە ڕای ئەو جۆ بایدن بەتەمەنە؟

ترامپیش لە ولامدا وتی" من نامەوێ ئەمە بڵێم، من دەمەوێ بڵێم کە ئەو شایستەی سەرۆککۆماری نییە. بۆ بوون بە سەرۆککۆمار دەبێت تێژ و وریا و زۆر شتی تر بیت. جۆ نازانێت زیندوە، نازانێت ماوە یان نە."

ئەو بانگەشەی ئەوەی کرد کە گەر واڵێس هەمان ئەو پرسیارانە لە بایدن بکات کە لە ئەمی پرسیوە ئەوا بایدن وەک منداڵێک پێ دەکوتێتە سەر ئەرز و بە دایکی دەڵێت" دایە دایە بمبەرەوە ماڵەوە."

ترامپ تەنانەت دوای ئەوەش کە واڵێس ئاشکرای کرد کە لە ڕاپرسییەکی نوێی نیشتمانی فۆکسدا، جۆ بایدن بە جیاوازی 49% بۆ 41% لە پێشەوەی ئەودایە، بەڵام ڕایگەیاند کە ئەگەری زۆرە لە بایدن بباتەوە و سەرکەوێت.

ڕاپرسییەک کە لە لایەن ماڵپەڕی" Real Clear Politics" ئەنجامدراوە دەریدەخات کە بایدن بە گشتی 8.6 لە پێشەوەی ترامپە.

ڕاپرسییەک پێچەوانەی بانگەشەکانی ترامپ ئەوە پیشان دەدات کەتیدا دەنگدران پێیان وایە کە ئەوەی شایستەی سەرۆکایەتی نییە ، خوودی ترامپە.

لە ڕاپرسییەکەدا دەنگدەران 43% داناوە بۆ جێگربوونی دۆخی دەروونی ترامپ و 42% بۆ زیرەکی و 40% بۆ توانای بڕیاردانی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە 47% دەنگ دراوە بۆ جێگربوونی دۆخی دەروونی بایدن و 51% بۆ زەیرەکی و 52% بۆ توانای بڕیاردانی.

بەڵام ترامپ ڕاپرسییەکی قەبووڵ نییە و دەڵێت کە لە کۆتاییدا ئەو سەرکەوتوو دەبێت لە بەر ئەوەی کە " خەڵک کەسێکیان ناوێت کە باری دەروونی جێگیر نەبێت."

ترامپ هەروەها ڕەدی کردەوە لەوەی کە بڵێت ئایا گەر بێت و لە هەڵبژاردندەکاندا بدۆڕێت ئەنجامەکان قەبووڵ دەکات یان نە.

ئەو وتی کە " ئێمە نازانین تاکو شتەکان نەبینن. کەوتووەتە سەر ئەوەی کە شتەکان بەچیدەگەن. ئەو ئیدعای ئەوەی کرد کە وەک چۆن دیموکراتەکان لەم دواییانەدا لە ڕاپرسییەکەدا فێڵیان کردوە، لە هەڵبژاردنەکەشدا دەیانەوێت فێڵ بکەن.

دەشڵێت: من حەزم لە دۆڕاندن نییە. من بە گشتی لەوانە نییم شتەکان بدۆڕێنم و حەزم لە دۆڕان نییە."

لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا تەنیا دوو لە سەرۆکەکانی ئەمریکا بۆ جاری دووەم هەڵبژێردراونەتەوە ، ئەوانیش جیمی کارتەر لە ساڵی 1980 و جۆرج دەبڵیۆ بوش لە ساڵی 1992.

XS
SM
MD
LG