Accessibility links

دوو بەرپرسی پێشووی ئەمەریکا: پوتن یاری بە سەرۆک ترامپ دەکات


دوو بەرپرسی پێشووی هەواڵگری ئەمەریکا دەڵێن دەترسن لەوەی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن یاری بە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بکات دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ وتی پێی وایە پوتن ڕاست دەکات لەوەی ڕەتی کردۆتەوە ڕوسیا دەستی وەردابێتە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکاوە.

بەڕێوبەری پێشووی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا جان برینان و بەڕێوبەری پێشووی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی ئەمەریکا جەیمس کلابەر وتیان سەرۆک ترامپ بە خراپی مامەڵە لەگەڵ پەیوەندییەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمەریکادا دەکات تەنانەت لە کاتێکیشدا کە لێکۆڵەرەوەی تایبەت جەمیس مولەر لە لێکۆڵینەوەکانیدا دەریخستووە کە ڕوسیا دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانەوە.

برینان لە یەکێک لە بەرنامەکانی سی ئێن ئێندا کە لەگەڵ کلابەردا دەرکەوت وتی " پێم وایە بەڕێز ترامپ لەبەر هەر هۆکارێک بێت هەست بە ترس دەکات لە پوتن، لەوە دەترسێت کە دەتوانێت چی بکات و یاخوود لە لێکۆڵینەوەکاندا چی دەربکەوێت، ئەوەی سەرۆک ترامپ دەیکات لەگەڵ ڕوسەکاندا تەنها ساویلکەیی یاخوود نەزانین و ترسە."

کلابەر وتی ئەو سەرکردانەی وڵاتانی دیکە کە بە فەڕمی میوانداری سەرۆک ترامپ دەکەن دەتوانن یاری پێبکەن.

وتیشی " پێم وایە چینییەکان و ڕوسەکان دەتوانن یاری پێبکەن."

ئەم قسانەش دوای ئەوە هاتن کە سەرۆک ترامپ لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت لەگەڵ پوتندا دووبارە سەبارەت بە بابەتی دەست تێوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا قسەی کردووە و سەرۆکی ڕوسیا دووبارە ڕەتی کردۆتەوە ڕوسیا شتی لەو جۆرەی کردبێت.

سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هەر جارێک دەمبینێت دەڵێت ئەو شتی وای نەکردووە. بەڕاستی بڕوای پێدەکەم کە ئەوەم پێدەڵێت."

وتیشی " پێم وایە ئەو هەستی بە سوکایەتیەکی زۆر کردووە بەهۆی ئەوەوە و ئەوەش شتێکە کە لەبەرژەوەندی وڵاتەکەماندا نیە."

هەروەها وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن لە هەمان بەرنامەدا وتی ئەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ کراون سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕوسیا و چیندا بێ مانان.

وتیشی " هیچ کەسێک یاری بە سەرۆک ترامپ ناکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG