Accessibility links

سەرۆک ترامپ: داعش ئێستا زۆر بە خێرایی هەرەس‌دەهێنێت

  • VOA News

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت هەنگاوی ئێجگار باشیان لە دژی داعش ناوە و لە ئێستادا ئەم ڕێکخراوە تێرۆرستیـیە زۆر بە خێرایـی هەرەس‌دەهێنێت.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە یاوەری مایک پـێنسی جێگری سەردانی وەزارەتی بەرگریـیان کرد و لە لایەن جێمس ماتیس وەزیری بەرگریـیەوە پـێشوازیـیان لێکرا.

ڕۆژنامەوانان و پەیامنێران لە بەردەمی وەزارەتەکە ژمارەیەک پـرسیاریان لە سەرۆک ترامپ کرد و ئەویش زۆر بە کورتی ئەو وەڵامەی لە بارەی شەڕی داعشەوە داناوە.

هەروەها پرسیارێـکی لێکرا، ئایە ئەمەریکا هێزی لەشکری زیاتر بۆ ئەفغانستان ڕەوانە دەکات یان نا، سەرۆک ترامپ گوتی "بابزانین چۆن دەبێت".

پاشان بەرەو ناو وەزارەتەکە بەڕێکەوت و لەوێ لە ژوری "The Tank" ی ئەوپەڕی نهێنی و پارێزراوی پەنتاگۆن کۆبوونەوەیەکی 2 کاژمێری ئەنجام دا لەگەڵ جێمس ماتیس و مایک پـێنس و ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوە و ستیڤن منوچن وەزیری دارایی و جەنەڕاڵ جۆزێف دەنفۆرد سەرۆکی هێزەکانی لەشکری ئەمەریکا و ژمارەیەک کاربەدەست و ئەفسەری دیکەی باڵا.

سەرۆک ترامپ لەسەر تویتەرەکەی خۆی هەواڵی سەردانەکەی بۆ وەزارەتی بەرگری و کۆبوونەوەکەی لەوێ بڵاوکردەوە لەگەڵ پارچە ڤیدیۆیەکی کورت کە تیایدا تەوقە لەگەڵ سەرباز و ئەفسەرانی وەزارەتەکە دەکات.

لەشکری ئەمەریکا لە ئێستادا چالاکانە لە عێراق و سوریا و ئەفغانستان ڕۆڵی خۆی دەبینێت لە شەڕی دژی گروپە تێرۆرستیـیەکانی وەکو داعش و تاڵیبان.

لەم دوایـیانە کاربەدەسـتانی لەشکری لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایانگەیاند بەنیازن نزیکەی 4 هەزار سەربازی دیکە ڕەوانەی ئەفغانستان بکەن بە مەبەستی مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی ئەفغانستان. لە ئێستادا زیاتر لە 13 هەزار سەربازی وڵاتانی ناتۆ لە ئەفغانستانن، لەوانە 8400 سەربازیان ئەمەریکایـین.

XS
SM
MD
LG