Accessibility links

کورتەی پەیوەندییە تەلەفونیەکە: سەرۆک ترامپ داوای لە سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە لێکۆڵینەوە لە چالاکییەکانی بایدن بکات


سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی

کورتەی پەیوەندیە تەلەفونیەکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و هاوتا ئۆکرانییەکەی ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی لە مانگی حەوتدا کە کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە ئاماژە بەوە دەکات سەرۆک ترامپ داوای لە زیلینسکی کردووە لێکۆڵینەوەیەک بکات سەبارەت بەوەی ئایا جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جۆو بایدن لێکۆڵینەوەیەکی لە کۆمپانیایەک ڕاگرتووە کە پێشتر کوڕەکەی کاری بۆ کردبوو یاخود نا.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی کە سەر بە دیموکراتەکانە ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند شەش لە لیژنەکانی ڕاسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵسوکەوتەکانی سەرۆک ترامپ لەو بارەیەوە.

دیموکراتەکانی ئەمەریکا سەرۆک ترامپیان تۆمەتبار کردووە بەوەی هەوڵ دەدات پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی داهاتوو، یارمەتی لە ئۆکرانیا وەربگرێت بۆ شێواندنی ناوبانگی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا جۆو بایدن.

بەپێی ئەو کورتەیەی وەزارەتی دادی ئەمەریکا بڵاویکردۆتەوە، سەرۆک ترامپ لەمیانەی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت " باس لە کوڕەکەی بایدن دەکرێت و دەڵێن بایدن ڕێگەی لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەک گرتووە. زۆر خەڵک هەن دەیانەوێت ڕاستی ڕووداوەکە بزانن. بۆیە ئەوەی دەتوانیت بیکەیت ئەوەیە لەگەڵ دادوەری گشتیدا کاربکەیت، ئەوە زۆر باش دەبێت."

وتیشی " بایدن شانازی بەوەوە دەکات لێکۆڵینەوەکەی ڕاگرتووە، ئەگەر بتوانیت سەیرێکی ئەوە بکەیت، بەلای منەوە شتێکی زۆر خراپ دیارە."

ئەم پەیوەندییە تەلەفونییە دوای ئەوە هات سەرۆک ترامپ فەرمانی دەرکرد بە ڕاگرتنی یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا کە بڕەکەی دەگاتە نزیکەی 391 ملیۆن دۆلار.

پیلۆسی وتی " پێویستە لێپێچینەوە لە سەرۆک بکرێت. هیچ کەس لە سەروو یاساوە نیە."

دوای هەواڵی ئەوەی سەرۆک ترامپ لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا زۆریی لە زیلینسکی کرووە تاوەکو لێکۆڵینەوەیەک بکات لەسەر بایدن، پیڵۆسی بۆچوونی گۆڕا.

هەنتەری کوڕی بایدن لە کۆمپانیایەکی پاڵاوتنی نەوت کاری کردووە لە ئۆکرانیا.

لە دوای داگیرکردنی دورگەی کریمیای ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە لە ساڵی 2014 دا، ئەمەریکا یارمەتی سەربازی پێشکەشی ئۆکرانیا دەکات. کۆنگرێسی ئەمەریکا بڕی 391 ملیۆن دۆلاری وەکو یارمەتی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد تاوەکو وڵاتەکە بتوانێت بە ڕووی جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا بوەستێتەو کە ڕوسیا پشتیوانیان لێدەکات، بەڵام سەرۆک ترامپ ئەو یارمەتییانەی ڕاگرت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG