Accessibility links

سەرۆک ترامپ بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: نرخی نەوت کەمبکەنەوە


سەرۆکی ئەمەریکا ڕەخنە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێت و دەڵێت سەرەڕای ئەوەی دەیانپارێزین کەچی نرخی نەوت زیاددەکەن.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" ئێمە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەپارێزین و بەبێ ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر پارێزراو نابن، کەچی لەگەڵ ئەوەش بەردەوامن لە فشارکردن بە ئاڕاستەی بەرزکردنەوەی زیاتر و زیاتری نرخی نەوت! ئەمەمان بیردەبێت. ئۆپـیکی قۆرغکار دەبێت هەر ئێستا نرخ کەمبکاتەوە!"

جێی ئاماژەیە لەم هەفتەیە نرخی نەوت گەیشتە زیاتر لە 71 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام مانگێک لەمەوبەر بەرمیلێک بە نزیکەی 66 دۆلار بوو.

پـێشتریش سەرۆک ترامپ داوای لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپـیک و بە تایبەتی عەرەبستانی سعودیـیە کرد نەوتی زیاتر بەرهەم بهێنن و هاوکات ئاگاهی دا لەوەی ئەمەریکا لە 4 ی مانگی یازدەوە سزا دەسەپـێنێت بەسەر هەر وڵات و لایەنێک نەوت لە ئێران هاوردەبکات. لە ئێستا ئەمەریکا سزا بەسەر ئێران و ڤەنزوێلا دەسەپـێنێت کە هەردووکیان ئەندامی ئۆپـیکن.

وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، بەوانەی ناو ئۆپـیک و دەرەوەی ئۆپـیکیشەوە لە ساڵی 2016 ڕێکەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە ئامانجی زیادکردنی بەهاکەی، ئەمەش پاش ئەوەی لە ساڵی 2015 نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتە خوار 50 دۆلار.

XS
SM
MD
LG