سەرۆکی ئەمەریکا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی خۆی هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو ئەنجامی بدات لە پاش کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی ڕێبەرانی ناتۆ لە بەریتانیا.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە نیوەڕۆخوانێکدا کە بۆ ڕێبەر و کاربەدەستانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ سازکرابوو، دانۆڵد ترامپ گوتی" کۆنگرە ڕۆژانامەوانیـیەکە هەڵدەوەشێنمەوە."
هێشتا هۆکارەکە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام پـێشتر سەرۆک ترامپ ڕەخنەی لە جەستن ترودۆ سەرۆک وەزیری کەنەدا گرت و گوتی "کەسێکی دووڕووە"، ئەمەش پاش ئەوەی ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە پـێدەچێت تیایدا سەرۆک وەزیری کەنەدا بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز باسی سەرۆک ترامپ بکات.
لە ڤیدیۆکەدا ڕێبەرانی بەریتانیا و فەڕەنسا و هۆڵەندا و کەنەدا دەردەکەون کە لە کۆشکی بێکنگهام لە لەندەن باسی دانۆڵد ترامپ دەکەن کە زۆر قسەی لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیە کردووە کە پـێش کۆبوونەوەکەی ڕێبەرانی ناتۆ ئەنجامی دابوو.
ئەمساڵیش وەک کۆبوونەوەکەی ساڵی ڕابردووی ناتۆ، ترامپ گوێی بە پـرۆتۆکۆلەکان نەدا و لە میانەی دەرکەوتنی لەگەڵ ڕێبەرانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ وەڵامی دەیان پـرسیاری دەزگاکانی ڕاگەیاندنی داوەتەوە.