Accessibility links

لە پاش ڕاگەیاندنەکەی مۆلەر دەنگی ناڕەزایی دیموکراتەکان لە دژی سەرۆک ترامپ زیاتردەبێت


ژمارەیەکی زیاتری دیموکراتەکان داوای لێپـرسینەوە لە سەرۆک ترامپ دەکەن، ئەمەش پاش ڕاگەیاندنەکەی دوێنێ چوارشەممەی ڕۆبەرت مۆلەر لێکۆڵەری تایبەت لە دەستێوەردانەکانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016.

مۆلەر لە ڕاگەیاندنەکەیدا لە وەزارەتی داد گوتی بەپـێی ڕێبازی وەزارەتی داد کە لە مێژەوە پەیڕەو دەکرێت، ناکرێت سەرۆک بە تاوانێکی فیدراڵی تۆمەتباربکرێت لەو کاتەی لە پـۆستەکەیدایە، تەنانەت ئەگەر تۆمەتبارکردنەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکرێت، بۆیە لە دەسەڵاتیان نەبووە سەرۆک تۆمەتباربکەن.

گوتیشی پاش لێکۆڵینەوەکە ئەگەر دڵنیابوونایە لەوەی سەرۆک هیچ تاوانێکی نەکردووە، ئەوا لە ڕاپـۆرتەکەیان ئاماژەیان پـێدەکرد.

پـێشتر مۆلەر لە ڕاپـۆرتە 448 لاپەڕەیـیەکەیدا کە لە 19 ی مانگی چوار بەشێکی بۆ ڕای گشتی ئاشکراکرا، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە شیانی هەیە سەرۆک ترامپ لە 10 حاڵەتدا کۆسپی دروستکردبێت لە بەردەم جێبەجێکردنی یاسادا.

سیناتۆری دیموکرات ئیلیزابێث وارن کە یەکێکە لەوانەی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 2020 کاندیدکردووە، لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی ڕاگەیاندنەکەی مۆلەر ڕوونی دەکاتەوە بۆ ئەوانەی ڕاپـۆرتەکەیان خوێندووەتەوە کە ئەمە بۆ لێپـرسینەوەیە بە ئامانجی لابردن لە دەسەڵات، ئەمەش ئەرکی کۆنگرێسە هەنگاوی بۆ بنێت وە پـێویستە کاری بۆ بکات.

​هەروەها سیناتۆر بێرنی ساندەرز کە ئەویش خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کاندیدکردووە، لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی ئەگەر کۆمیتەی دادوەری ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ ئەوەدا بێت لێپـرسینەوە لەگەڵ سەرۆکدا بکرێت بە ئامانجی لابردنی لە دەسەڵات ئەوا ئەو پشتیوانی لێدەکات.

سەرۆک ترامپ لە پاش ڕاگەیاندنەکەی مۆلەر لەسەر تویتەرەکەی نووسی هیچ لە ڕاپـۆرتەکەی مۆلەر نەگۆڕدراوە و هیچ بەڵگەیەک لە دژی نیـیە، بۆیە بەپـێی یاساکانی ئەمەریکا ئەو کەسێکی بێ تاوانە و سەرئەنجام کەیسەکە داخراوە.

XS
SM
MD
LG