Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا ستراتیژیەتی نوێی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی ڕادەگەیەنێت


سەرۆکی ئەمەریکا ستراتیژیەتی نوێی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و دەڵێت دەبێت ئەمەریکا سیستەمێکی نوێی بەرگری هەبێت کە هیچ سیستەمێکی دیکە لە جیهاندا پـێی نەگاتەوە.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ پـێنجشەممە سەردانی وەزارەتی بەرگری کرد و لەوێ لەگەڵ پاتریک شاناهان وەزیری بەرگری بە وەکالەت و هەموو کاربەدەستان و ئەفسەرانی باڵا لە وەزارەتەکە کۆبووەوە بە مەبەستی تاووتوێکردنی ئەم ستراتیژیـیە نوێـیە.

سەرۆک ترامپ گوتی 6 گۆڕانکاری گەورە لە ستراتیژیـیەتی بەرگری موشەکی ئەمەریکا دەکرێت، لەوانە دەبێت لە پـێش هەموو شتێکەوە بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی ئەمەریکا بێت، ئەوەش پـێویستی بە 20 بنکەی نوێی بەرگری ئاسمانی هەیە لەگەڵ ڕادار و ئامێری نوێی بەدیکردنی موشەک، وە دەبێت ئەو سیستەمی بەرگریـیە هەموو شارێکی ئەمەریکا بپارێزێت.

گوتیشی سەنگی دەخەنە سەر بەدیهێنانی تەکنەلۆجیای نوێ، چونکە جیهان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بۆیە دەبێت ئەمەریکا خێراتر گۆڕانکاری بکات تاوەکو هەمیشە لە پـێشەوە بێت.

باسی لە ئێران کرد و گوتی سێشەممەی ڕابردوو تاقیکردنەوەیەکی ئاسمانی کرد، ڕاستە شکستی هێنا، بەڵام زانیاری گرنگی لە ڕێگەیەوە بۆ ئاشکرابووە. گوتیشی ئەگەر شکستی نەهێنایە ئەوا دەیتوانی موشەکی کیشوەر بڕ دروستبکات کە بگاتە ئەمەریکا، ئەمەش نابێت ڕووبدات.

سەرۆک ترامپ گوتیشی نابێت ئەمەریکا هەمان ئەو موشەکانەی پـێشوو دروستبکاتەوە یان گۆڕانکاریـیەکی بچوکیان تیایدا بکات، بەڵکو دەبێت بە چەندان هەنگاو لە پـێش هەموو جیهانەوە بێت.

جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت وڵاتەکە لە هەموو جۆرە موشەکێک پارێزراوبێت، ئەمەش پـێشتر کاری بۆ نەکراوە. لەگەڵ ئەوانە دەبێت لە واڵایی ئاسمانیش کاربکرێت بۆ پاراستنی وڵاتەکە.

XS
SM
MD
LG