سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا داوای لە کۆماریـیەکان کردووە سیناتۆر میچ مەککۆنەڵ ڕێبەری کۆماریـیەکان لە ئەنجومەنی سینات لە پـۆستەکەی لادن و بە ڕێبەری خۆیانی دانەنێن، دەڵێت ئەگەر نا ئەوا جارێکی دیکە سەرکەوتن نابینن.
ترامپ ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی "میچ سیاسیـیەکی ڕەزاگران و عەبوسە و خەندە لەسەر لێوی نابینیت، ئەگەر سیناتۆرە کۆماریـیەکان لەگەڵیدا بمێننەوە، ئەوا جارێکی دیکە سەرناکەونەوە."
گوتیشی بەپـێی ڕاوەرگرتنە گشتیـیەکانی ئێستا میچ مەککۆنەڵ جەماوەرێتی زۆر هاتووەتە خوارێ.
ئەم ڕاگەیاندنەی ترامپ پاش سێ ڕۆژ دێت لەوەی میچ مەککۆنەڵ دەنگی دا بۆ ئەوەی ترامپ بەبێ تاوان دابنرێت لەو هێرشەی 6 ی مانگی یەک کرایە سەر بینای کۆنگرێسی ئەمەریکا لە لایەن لایەنگرانی ترامپەوە.
سیناتۆر مەککۆنەڵ دەڵێت بۆیە لە بەرژەوەندی ترامپ دەنگی داوە، چونکە پــێی وایە کارێکی نادەستوریـیە سەرۆکی وڵات لە ئەنجومەنی سینات دادگایی بکرێت پاش ئەوەی لە پـۆستەکەی نامێنێت.
بەڵام گوتیشی هیچ گومانی تێدا نیـیە ترامپ بەرپـرس بووە لە هاندان بۆ ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژە. گوتوشیەتی ئەو تاوانبارانە ئاڵا و دروشمەکانی ترامپیان بەرزدەکردەوە و هاواریان دەکرد.
ڕۆژی شەممە ئەنجومەنی سینات بڕیاری دا ترامپ لە ڕووداوەکانی 6 ی مانگی یەکی واشنتن بێ تاوانە. 43 سیناتۆر دەنگیان بۆ بێتاوانی دانۆڵد ترامپ دا لە کاتێکدا 57 سیناتۆر ترامپیان بە تاوانبار زانی، بەڵام بەپــێی دەستور بۆ بەفەرمی تاوانبارکردنی بە لایەنی کەم پێویست بە دوو لە سەر سێی دەنگەکان دەکات، واتە دەنگی 67 سیناتۆر.
سەرچاوە/ فڕانس پرێس