Accessibility links

سەرۆک ترامپ سەردانی مۆنۆمێنتی مارتن لوثەر کینگ دەکات


لە ساڵیادی ڕێبەری مافەکانی سیڤیلی ئەمەریکایی مارتن لوثەر کینگ، سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی مۆنۆمێنتی ئەم کەسایەتیەی کرد و تاجە گوڵینەی بۆ دانا.

سەرۆک ترامپ بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە یاوەری مایک پـێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی مۆنۆمێنتەکەیان کرد کە لە واشنتنی پایتەختە.

پاشان لەسەر تویتەرەکەی پارچە ڤیدیۆیەکی سەردانەکەی بڵاوکردەوە و لەسەری نووسیویەتی" ئەمڕۆ، ڕۆژێک بوو کە جێی شەرەفێکی گەورە بوو بۆم کە تیایدا سەردانی مۆنۆمێنتی مارتن لوثەر کینگم کرد لەگەڵ مایک پـێنس جێگری سەرۆک بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆژی مارتن لوثەر کینگ."

جگە لە سەرۆک و جێگرەکەی ژمارەیەک لە بەرپـرسانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات سەردانی مۆنۆمێنتەکەیان کرد، لەوانە جۆ بایدنی دیموکرات جێگری پـێشووی سەرۆکی ئەمەریکا.

مارتن لوثەر کینگ تێـکۆشەرێـک بوو کە بێ وچان لە سـاڵانی پەنجا و شەسـتەکانی سەدەی ڕابردوو خەباتی دەکرد لە پـێناو بەدەسـتهێنانی مافە سـڤیلیـیەکان و کۆتایی هێنان بە جیوازی ڕەگەزی لە ئەمەریکادا. لەو سەردەمەدا جیاوازیـیەکی زۆر لە نێوان خەڵـکانی سـپی و ڕەش پـێست هەبوو. جیاوازیـیەکان لە ئاستـێـکدا بوو کە خەڵـکانی ڕەش بۆیان نەبوو لەو چێشـتخانانە نان بخۆن کە سـپـیـیەکان نانیان لێ دەخوارد و‌ بۆیان نەبوو لەسەر کورسـیـیەکانی ڕیزی پـێشـەوەی پاسەکاندا دابنیشن، منداڵی ڕەش پـێست بۆی نەبوو لەگەڵ منداڵی سپـیـدا لە یەک خوێندنگە بخوێنێت. بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشانی مارتن لوثەر کینگ و خەڵکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ ئەو جیاوازیـیانە نەماون و هەر کەسێک جیاوازی بکات ئەوا بەپـێی یاسا سزادەدرێت.

مارتن لوثەر کینگ لە یەکێـک لە هەرە وتارە بەناوبانگەکانیدا کە لە سـاڵی 1963 دا لە واشـنتنی پایتەخت پـێشـکەشی کرد گوتی" خەونی ئەوەیە کە ڕۆژێـک بێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندی ئەو بیروباوەڕەی بێت کە دەڵێت هەموو خەڵـک بە یەکسـانی بوون."

پاش سـاڵێـک لەو وتارەی و دوابەدوای پەسەندکردنی یاسای مافە سـڤیلیـیەکان لە ئەمەریکا لە 2 ی مانگی حەوتی 1964، دکتۆر مارتن لوثەر کینگ لە 10 ی دوانزەی 1964 لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پـێشـکەشکرا.

مەخابن، ئەو پـیاوە مەزنە لەو دەمەی لە 4 ی مانگی چواری 1968دا چووبوو بۆ پـشـتیوانیکردن لە کرێـکارانی تایبەت بە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشـاک لە شـاری ممفسی سـتانی تێنسی تیرۆرکرا.

XS
SM
MD
LG