Accessibility links

سەرۆک ترامپ: کورد میللەتێکی مەزنە


دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت کورد میللەتێکی مەزن و بە توانا و زیرەکە.

ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە برۆکسل سەبارەت بە کۆبوونەوەی ڕێبەرانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، پـرسیارێک ئاڕاستەی سەرۆک ترامپ کرا لە بارەی ئایا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی پـێشمەرگە لە عێراقدا، ئەویش لە وەڵامدا گوتی "پـێموایە کورد خەڵکێکی مەزنن، جەنگاوەرێکی بێ وێنەن و بە توانا و زیرەکن و گەرموگوڕ و خۆش مەعشەرن و وەک دەزانیت گروپی جیاجیان و لە زۆر حاڵەتدا هاوپەیمانن."

بەڵام سەرۆک ترامپ وەڵامی پـرسیارەکەی نەدایەوە ئایا ئەمەریکا لە پشتیوانیکردنی پـێشمەرگە بەردەوام دەبێت یان نا.

پاشان لە بارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردی سوریاوە پـرسیاری لێکرا. لەوێشدا تەنیا لە بارەی عێراقەوە وەڵامی دایەوە و گوتی لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنەکاندا پەیوەندیـیان کردووە و چاوەڕوانن بزانن هەوڵەکان بۆ پـێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەچی دەگەنەوە.

هەروەها سەرۆک ترامپ لە میانەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکە باسی لە پـێشهاتەکانی ناو ناتۆ کرد و گوتی ئەندامانی ناتۆ بەرەوپـێشچوونێکی گەورەیان ئەنجامداوە لە مەسەلەی خەرجیـیە لەشکریـیەکاندا.

گوتیشی پـێشتر ئەمەریکا مامەڵەیەکی ڕەوایانە نەدەکرا، بەڵام ئەمڕۆ گۆڕاوە و ئەندامەکانی دیکەی ناتۆ بەڵێنیان داوە پارەی زیاتر بۆ خەرجیـیە لەشکریـیەکان تەرخان بکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆک ترامپ ئاگاهی بە ناتۆ دا و گوتی ئەو وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەتوانێت بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە ناتۆ بدات بەبێ ئەوەی ڕەزامەندی کۆنگرێس وەربگرێت.

سەبارەت بە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا کۆمەڵێک پـرسیاری لێکرا، ئەویش لە وەڵامدا هیوای خواست کۆبونەوەکەی ئەنجامی باشی هەبێت و گوتی پـوتن بە دوژمن نازانێت و تەنیا ڕکابەرێکە. گوتیشی لە میانەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵیدا باس لە مەسەلەکانی سوریا و ئۆکرانیا و دەسـتێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دەکات.

سەرۆک ترامپ دەڵێت کورد میللەتێکی مەزنە
please wait

No media source currently available

0:00 0:00:26 0:00

XS
SM
MD
LG