Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا: لەوانەیە کاتی ئەوە هاتبێت کوردەکان ڕوو لە کێڵگە نەوتیـیەکان بکەن


سەرۆکی ئەمەریکا لە دوایـین نووسینیدا لەسەر تویتەر دەڵێت دڵخۆشە بە قسەکردن لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات وە ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کورد بەرەو کێڵگە نەوتیـیەکان بڕوات.

دانۆڵد ترامپ ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسی" بە ڕاستی خۆشحاڵبووم بە وتووێژکردن لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی. پـێزانینی هەیە بۆ ئەوەی ئەنجاممان‌داوە. منیش پـێزانینم هەیە بۆ ئەوەی کوردەکان ئەنجامیان‌داوە. لەوانەیە کاتی ئەوە بێت کوردەکان ڕوو لە هەرێمی نەوت بکەن."

پـێشتریش نووسیبووی" لە وتارەکەی دوێنێم سەبارەت بە تورکیا/ کورد باسی کێڵگە نەوتیـیەکانم کرد کە لە ژێر دەستی داعشدا بوون هەتا ئەو کاتەی ئەمەریکا بە یارمەتی کوردەکان دەستی بەسەریاندا گرت. هەرگیز ڕێگە نادەین بەو داعشانەی دروستدەبنەوە ئەو کێڵگە نەوتیـیانەیان بکەوێتەدەست."

برێت مەکگورک نوێنەری پـێشووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش لە بارەی ئەم بۆچوونەی سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر تویتەرەکەی نووسی" پـێدەچێت سەرۆکی ئەمەریکا داوای کۆچی بە کۆمەڵی کوردان بۆ بیابان بکات بۆ ئەوەی لەسەر کێڵگە نەوتێکی بچووک نیشتەجێ بن. جێی سەرسوڕمانە کە ئاگای لە مێژوو، جوگرافیا، یاسا، بەها ئەمەریکایـیەکان، ڕەوشتی مرۆیی و ڕێزگرتن نیـیە."

XS
SM
MD
LG