Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت نامەیەکی باشی لە ڕێبەری کۆریای باکور پـێگەیشتووە


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت نامەیەکی سێ لاپەڕیی باشی لە کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور پـێگەیشتووە، بۆیە شیانی هەیە جارێکی دیکە پـێکەوە کۆببنەوە.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەوانان گوتی ڕۆژی پـێنجشەممە نامەکەی بەدەست گەیشتووە و زۆر ئەرێنی بووە، بۆیە لەو بڕوایەدایە جارێکی دیکە کۆببنەوە.

گوتیشی کیم جۆنگ ئون لە نامەکەی ناڕەزایی بەرامبەر مانۆڕە لەشکریـیەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشور دەربڕیوە و گوتویەتی وڵاتەکەی وەک هەڕەشە لێی دەڕوانێت.

پاشان ئاماژەی بۆ تاقیکردنەوە موشەکیـیەکانی ئەم دوایـیانەی کۆریای باکور کرد و گوتی" جارێکی دیکە دەیڵێمەوە، هیچ تاقیکردنەوەیەکی ناوەکی ناکراوە. هەموو تاقیکردنەوەکان موشەکی مەودا کورت بوون و هیچ موشەکێکی بالیستی یان مەودا دور تاقی نەکراوەتەوە."

سەرۆک ترامپ لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو سێ جار لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کۆبووەتەوە، بەڵام هێشتا ئەنجامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتووەتەوە کە مسۆگەری بکات کۆریای باکور دەستبەرداری چەکی ناوەکی دەبێت.

XS
SM
MD
LG