Accessibility links

ئیسرائیل و کۆشکی سپی لێدوانەکانی ترامپ سەبارەت بە حزبوڵڵا و هێرشەکەی حەماس سەرکۆنە دەکەن


ئیسڕائیل و کۆشکی سپی سەرکۆنەی لێدوانەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپیان کرد کە تێیدا ستایشی حیزبوڵای هاوپەیمانی ئێرانی کرد و ڕەخنەی لە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو گرت لەسەر هێرشەکەی گروپی چەکداریی حەماسی فەڵەستینییەکان بۆ سەر ئیسڕائیل کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1300 کەس لە ئیسڕائیل.

ترامپ کە کاندیدی سەرەکی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2024 دا، حیزبوڵای لوبنانی بە " زۆر زیرەک " ناوبرد و نەتانیاهوی تۆمەتبار کرد بە ئەوەی " ئامادە نەبووە " بۆ هێرشەکەی حەماس کە بە هەمان شێوە بووە هۆی کوژرانی 22 هاووڵاتی ئەمەریکایی.

وەزیری ڕاگەیاندنی ئیسڕائیل شلۆمۆ کارعی وتی لێدوانەکانی ترامپ بۆ لایەنگرانی پیشانیدا کە ناتوانرێت پشتی پێببەسترێت.

کارعی بە کەناڵی 13 ی ئیسڕائیلی وت " شەرمەزارییە پیاوێکی لەوشێوەیە، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، هانی پڕوپاگەندەکان دەدات و کۆمەڵە شتێک بڵاودەکاتەوە کە ڕۆحی شەڕکەر و هاووڵاتیانی سڤیلی ئیسڕائیل بریندار دەکات."

جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی ئاندروس بەیتس وتی لێدوانەکانی ترامپ "مەترسیدار و بێزارکەرن."

بەیتس وتی "بەڕاستی تێناگەین بۆچی هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی دەبێت بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی سەر بە ئێران بڵێت زیرەکن."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنی دیموکرات هێرشەکەی حەماسی بە "ڕەفتارێکی دڕندانە" ناوبرد و پشتیوانیی جێگیری خۆی بۆ ئیسڕائیل ڕاگەیاند.

بەیتس وتی "ئەمە کاتێکە بۆ هەموومان شان بە شانی یەکتر لە پاڵ ئیسڕائیلدا بوەستین دژی ئەم خراپەکارییە. ئەمەش هەمان کارەیە کە سەرۆک کۆمار ئیستا دەیکات."

هەندێک لە ڕکابەرەکانی ترامپیش لە کێبڕکێی کۆمارییەکاندا ڕەخنەیان لە ترامپ گرتوە.

ڕۆن دیسانتیسی پارێزگاری ویلایەتی فلۆریدا و ڕکابەری سەرەکی ترامپ لە کێبڕکێی کۆمارییەکاندا بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، وتی "شتێکی بێزارەکەرە بۆ هەر کەسێک چ جا کەسێکیش کە خۆی هەڵبژاردووە بۆ سەرۆکایەتی، ئێستا هێرش بکاتە سەر دۆست و هاوپەیمانەکەمان، هەروەها ستایشی حیزبوڵا بکات وەکو ڕێکخراوێکی ' زۆر زیرەک '. "

جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس کە بە هەمان شێوە ڕکابەرێکی دیکەی ترامپە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، وتی " ئێستا کاتی ئەوە نیە هیچ سەرۆکێکی پێشووی ئەمەریکا یاخود هەر ئەمەریکاییەک هیچ پەیامێکی دیکە جگە لە پەیامی ئەوەی ئەمەریکا لە پاڵ ئیسڕائیلدا دەوەستێت بنێرێت."

دانۆڵد ترامپ ڕەخنەکانی ئیسرائیل و کۆشکی سپی ڕەتکردەوە و سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ئیسرائیل هیچ دۆست و هاوپەیمانێکی باشتری لە ئەو نەبووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دانۆڵد ترامپ لە وتارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا وەزیری بەرگری ئیسرائیلی بە "گەمژە" ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەو شەوێک هۆشداری داوەتە حزبوڵڵا کە لە باکوورەوە هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل و ڕۆژی دواتر حزبوڵڵا لە هەمان شوێنەوە هێرشی کردوەتە سەر. ترامپ گوتیشی "ئەو بە وتنی ئەو قسەیە نیشانیدا کە خاڵی لاوازی ئیسرائیل لەوەدایە " و گوتی "حیزبوڵڵا زیرەکە."

ترامپ ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل لە وەڵامدانەوەی بە هێرشی ئێستای حەماس ڕووبەڕووی لاوازییەکی هەواڵگری بووە و لە ڕاستیدا لەگەڵ ئێران شەڕ دەکات.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ترامپ بە لایەنگرانی وت، بۆ یەکەمین جار ئاشکرای دەکات کە ئیسڕائیل لە دوایین ساتەکاندا ڕەتی کردووەتەوە بەشدار بێت لە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی قودسی سوپای پاسداران کە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکادا لە 3 ی مانگی یەکی ساڵی 2020 دا کوژرا و فەرمانەکەش لەلایەن ترامپەوە دەرکرابوو.

ترامپ وتی شەوی پێش کوشتنی قاسم سولەیمانی، ئیسڕائیل بە ئەمەریکای وت بڕیاری داوە بەشدار نەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکەدا. ترامپ وتی بەرپرسانی ئیسڕائیل ئاماژەیان بەوە نەداوە بۆچی ئەو بڕیارەیان داوە.

ترامپ وتی " هەرگیز ئەوە لەبیر ناکەم کاتێک بیبی نەتانیاهو پشتی تێکردین. ئەوە شتێکی زۆر خراپ بوو."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG