دادگایەکی پێداچوونەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا فەرمانێکی دەرکرد و تێیدا وتی دانۆڵد ترامپ پارێزبەندی نییە لەو تۆمەتانەی کە گوایە هەوڵیداوە شکستەکەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 دا پێچەوانە بکاتەوە و دەکرێت سزا بدرێت، ئەمەش سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی هەنگاوێک نزیکتر کردەوە لە دادگاییکردنێکی بێپێشینەی تاوانکاری.
دادگای تێهەڵچوونەوەی واشنتن کە لە سێ دادوەر پێکهاتوون بانگەشەکەی ترامپییان ڕەت کردەوە لەسەر ئەوەی کە ناتوانرێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت چونکە ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی کراون پەیوەندییان بە بەرپرسیارێتییەکانییەوە هەبووە لەو کاتەدا کە سەرۆک بووە.
فەرمانەکەی کە چاوەڕوان دەکرێتر ترامپ تانەی لێبدات، هەوڵەکانی ترامپ پوچەڵ دەکاتەوە بۆ خۆبەدوورگرتن لە دادگاییکردنێک لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە گوایە ترامپ دیموکراسی ئەمەریکا و گواستنەوەی دەسەڵاتی خستووەتە مەترسییەوە، بە تۆمەتی ئەوەی هەوڵیداوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 هەڵبوەشێنێتەوە لە پێناو مانەوەی لە دەسەڵاتدا. ئەمە لە کاتێکدایە کە ترامپ پێشەنگی کاندیدەکانی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە بڕیارە لە مانگی یانزەی ئەم ساڵدا بەڕێوەبچێت.
پارێزەرەکانی ترامپ دەڵێن سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا بە شێوەیەکی یاسایی پارێزراو بوون لە لێپێچینەوە لێیان لەسەر ئەو کارانەی کە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکانییاندا ئەنجامییان داون، لەو حاڵەتانەدا نەبێت کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە و لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە لە پۆستی سەرۆکایەتی دوورخراونەتەوە.
جێی ئاماژەیە ترامپ لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا دووجار لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاوە لێپێچینەوەی لەگەڵدا کرا، لەو کاتەدا دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا باڵا دەست بوون. بەڵام هەردوو جارەکە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی سینات بە زۆرینەی دەنگ تۆمەتەکانییان دژی ترامپ ڕەت کردەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، دەنگی ئەمەریکا
دادگای پێداچوونەوەی ئەمەریکا: ترامپ پارێزبەندی نییە لە دادگایکردنی لەسەر دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکاندا
