Accessibility links

کۆنگرێسی ئەمەریکا ئەمڕۆ بە ئاشکرا لێکۆڵینەوەکانی لەسەر سەرۆکی ئەمەریکا دەسـپـێدەکات


کۆنگرێسی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە یەکەم دانیشتنی ئاشکرای خۆی ئەنجام دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی ئایە دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا دەسەڵاتەکانی خۆی خراپ بەکارهێناوە یان نا.

کۆمیتەی هەواڵگری لە ئەنجومەنی نوێنەران کە لە 13 دیموکرات و 9 کۆماری پـێکهاتووە، لە کاژمێر 10 ی بەیانی بە کاتی واشنتنی پایتەخت دانیشتنەکە دەستپـێبکات و لە کەناڵەکانی تەلەفیزیۆن ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت.

بڕیارە ئادەم شێف سەرۆکی کۆمیتەکە کە ئەندامێکی دیموکراتە، لە سەرەتای دانیشتنەکە قسە بکات و پاشان ئەو و دەڤن نوونەس ئەندامی کۆماری کۆمیتەکە هەر یەکەیان ماوەی 45 خولەکی دەبێت بۆ پـرسیارکردن لە گەواهیدەران. ئەندامەکانی دیکە ئەوانیش هەر یەکەیان ماوەی 5 خولەکیان دەبێت بۆ پـرسیارکردن.

بەپـێی خشتەی دانیشتنەکە، هەر یەک لە بێڵ(ولیەم) تێڵەر بریکاری باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا و جۆرج کێنت جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ئەوروپا بەیانی ئەمڕۆ گەواهی خۆیان دەدەن.

پـێشتر لە دانیشتنە داخراوەکانی نێو کۆنگرێس، بێڵ تێلەر گوتبوی دانۆڵد ترامپ هەوڵی دابوو فشاربخاتە سەر ئۆکرانیا تاوەکو لێکۆڵینەوە لە جۆ بایدنی دیموکرات و هانتەری کوڕی بکەن.

هەروەها گۆردن سەندلاند باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ یەکێتی ئەوروپا ئەویش گوتبووی ترامپ پـێدانی یارمەتی دارایی بە ئۆکرانیا گرێ دابوو بە مەسەلەی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر کوڕەکەی جۆ بایدن کە ترامپ بە گەندەڵی تۆمەتباری دەکات.

پاش نێوەڕۆی ئەمڕۆ، هەریەک لە لۆرا کوپەر بەرپـرسی کاروباری ڕووسیا و ئۆکرانیا و ئەوروپای ناوەڕاست لە وەزارەتی بەرگری و دەیڤد هال یاریدەدری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری سیاسی، گەواهی خۆیان دەدەن.

فیونا هیڵ ڕاوێژکاری پـێشوو لە کۆشکی سپی و جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری پـێشووی ئاسایشی نیشتمانی، سبەی پـێنجشەممە گەواهی خۆیان دەدەن. ماری یۆڤانۆڤیچ باڵیۆزی پـێشووی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا ئەویش ڕۆژی هەینی گەواهی خۆی دەدات.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو 8 بەرپـرسی دیکەش گەواهی خۆیان بدەن.

XS
SM
MD
LG