Accessibility links

دادگاییکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەستپێدەکاتەوە


بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ئەمەریکادا، ڕۆژی دووشەممە بۆ یەکەمین جار سەرۆکێکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ئامادەی دادگاییکردنی دەبێت لەسەر تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانێک کە ئەگەر تاوانبار بکرێت ڕەنگە ڕووبەڕووی سزای زیندان ببێتەوە.

پارێزەرانی ترامپ و داواکارانی گشتی و دادوەر خوان مێرشان دەست دەکەن بە هەڵبژاردنی دەستەی سوێندخواردن لە هۆڵی دادگای نیویۆرکدا بۆ گوێگرتن لەو بەڵگانەی کە گوایە ترامپ پارەی بێدەنگکردنی داوە بە ئەکتەرێکی فیلمی پۆڕن تاوەکو بێدەنگیی بکات و بە ئاشکرا باس لە پەیوەندییەکەی نەکات لەگەڵ ترامپدا.

ترامپ کە ئەگەرێکی زۆری هەیە ببێتە بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە مانگی یانزەدا، ئامادەی دادگاییکردنەکە دەبێت. دەشتوانێت شایەتی بدات و بەرگری لە خۆی بکات، ئەوەش پەیوەست دەبێت بەوەوە چۆن خۆی و پارێزەرەکانی سەیری بەڵگەکانی داواکاران دەکەن.

ترامپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا چەندین جار ناڕەزایی دەربڕیوە دژی ئەو دۆسییەیە. هەفتەی ڕابردوو وتی " هیچ شتێکی لەم جۆرە هەرگیز لە وڵاتەکەماندا ڕووینەداوە. ڕۆژی دووشەممە ناچار دەکرێم لەبەردەم دادوەرێکی گەندەڵدا دانیشم، کە ڕق و کینەی بەرامبەر من هیچ سنوورێکی نیە."

دادگاییکردنەکە ڕەنگە مانگ و نیوێک بخایەنێت، بەهۆی ئەوەشەوە کە ترامپ دەبێت ئامادەی دادگاییکردنەکەی بێت، دۆسییەکەی وایلێدەکات بۆ ماوەیەکی زۆر لە کەمپینی هەڵبژاردنەکان دووربکەوێتەوە.

ترامپ تۆمەتبار کراوە بە تۆمەتی پێدانی 130,000 دۆلار بە ئەکتەری فیلمی پۆڕن ستۆڕمی دانیێڵز پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2016 دا، ئەوەش بە مەبەستی ئەوەی بێدەنگی بکات و نەهێڵێت بە ئاشکرا باسی ترامپ بکات و بانگەشەی ئەوە بکات کە 10 ساڵ لەوەوبەر شەوێکی لەگەڵ ترامپدا بەسەر بردووە لە ماوەی پاڵەوانێتییەکی گۆڵفدا، ئەوەش کەمتر لە سێ مانگ پێش ئەوەی هاوسەرەکەی ترامپ، میلانیا، بارۆنی کوڕییانی ببێت.

لە دۆسییەکی دیکەدا، کارین مکدوگالی هاوڕێی دەڵێت بۆ ماوەی چەندین مانگ پەیوەندی هەبووە لەگەڵ ترامپدا و گۆڤارێک کە مافی چیرۆکەکەی کڕیوەتەوە 150,000 دۆلاری داوەتێ و دواتر لەسەر داوای ترامپ چیرۆکەکە لەناوبراوە.

ترامپ ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە. هەر یەکێک لە تۆمەتەکان ئەگەر بەسەر ترامپدا بسەپێندرێن ئەوا بۆ هەر کامێکییان چوار ساڵ زیندانی دەکرێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ترامپ دڵنیایە لەوەی کە داوای پێداچوونەوە دەکات بە هەر بڕیارێکی دادگادا کە تۆمەتباری بکات.

XS
SM
MD
LG