Accessibility links

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە هێرس و ترامپ یەکەم دیبەیتی نێوانییان ئەنجام بدەن


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرسی بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بڕیارە شەوی سێشەممە یەکەم دیبەیت ئەنجام بدەن و ڕەنگە دیبەیتەکە ساتێکی زۆر گرنگ بێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا کە بڕیارە لە 5 ی مانگی یانزەدا بەڕێوەبچێت.

بەربژێرەکان هەرگیز چاوییان بە یەکتر نەکەوتووە و تەنانەت بە تەلەفونیش قسەیان لەگەڵ یەکتر نەکردووە، بەڵام ڕۆژی سێشەممە لە نزیک یەکترەوە دەوەستن لە ناوەندی دەستووری نیشتمانی لە فیلادلفیا. بڕیارە لە دیبەیتە 90 خولەکییەکەدا ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە و هاوکات وەڵامی پرسیارەکانی دوو پێشکەشکاری کەناڵی ئەی بی سی نیوز، دەیڤد مویر و لینسی دەیڤس، بدەنەوە.

دێبەیتەکە لە کاتژمێر9 ی شەو بە کاتی واشنتنی پایتەخت بەڕێوەدەچێت و دەتوانن لە کەناڵی یوتیوبی ئەی بی سی نیوز بینەری بن.


پێدەچێت دەیان ملیۆنان هاووڵاتی ئەمەریکایی بینەری دیبەیتەکە بن کە دەکرێت تەنها دیبەیت بێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا. دیبەیتەکە هەشت هەفتە پێش ڕۆژی فەڕمی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچێت، بەڵام تەنها چەند ڕۆژێکی کەم پێش دەستپێکردنی دەنگدانی پێشوەختە دێت کە لە هەندێک لە 50 ویلایەتەکەی وڵاتەکەدا بەڕێوەدەچن.

ڕاپرسییە نیشتیمانییەکان دەریدەخەن کە ترامپ و هێرس لە کێبڕکێکەدا لە یەکترەوە نزیکن، لەبەرئەوە دیبەیتەکە زۆر گرنگتر دەبێت بۆ هەردوو بەربژێرەکە تاوەکو باشترینی خۆیان پیشان بدەن بۆ ژمارەیەکی کەم لە دەنگدەران کە هێشتا بڕیارییان نەداوە دەنگ بە کێ دەدەن. ئەوەی گرەوی لەسەر دەکرێت گەڕانەوەی ترامپە بۆ کۆشکی سپی کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا بەرامبەر جۆو بایدن شکستی هێنا، یان سەرکەوتنی هێرسە و بوونییەتی بە سەرۆکی ئەمەریکا.

بایدن لە مانگی حەوتدا دەستبەرداری کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان بوو، ئەوەش دوای دیبەیتە خراپەکەی لە کۆتایی مانگی شەشدا بەرامبەر ترامپ. دیموکراتەکان بە خێرایی کامڵا هێرسییان هێنایە پێشەوە تاوەکو ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان و شوێن بایدن بگرێتەوە. بایدن لەلای خۆیەوە پشتگیری لە هێرس کرد. لە ڕاپرسییەکانی ئەو کاتەدا بایدن لە دوای ترامپەوە بوو، بەڵام لە چەندین ڕاپرسییە نیشتیمانییەکانی ئێستادا هێرس بە لە سەدا 2 بۆ 3 لە پێش ترامپەوەیە.

ڕاپرسییەکەی سیێنا کۆلێژی نیویۆرک تایمز کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاوکرایەوە دەریدەخات کە ترامپ لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بە ڕێژەی لە سەدا 47 بۆ 48 لە پێشەوەیە، ئەمەش تەنانەت دوای ئەوەش کە ڕۆژنامەکە پێشتر دەریخستبوو کە هێرس لە چەندین ڕاپرسیدا لە ویلایەتە گرنگەکانی وەکو ویسکانسن و میشیگن و پێنسلڤانیادا پێشەنگە. دوو بەربژێرەکە لە چوار ویلایەتی گرنگی دیکە یەکسان بوون: ئاریزۆنا و جۆرجیا و نیڤادا و نۆرث کارۆلاینا.

ئەو حەوت ویلایەتە گرنگە یەکلاکەرەوەیە پێشبینی دەکرێت ڕۆڵێکی زۆر گەورەیان هەبێت لە دیاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا، چونکە ئەمەریکا سەرۆک و جێگری سەرۆک هەڵنابژێرێت بە ڕێککەوتنی ویلایەتەکان لەسەر دەستنیشانکردنی سەرۆکێک یاخود جێگرەکەی.

لە جیاتی ئەوە، هەڵبژاردنەکە 50 کێبڕکێی ویلایەت بە ویلایەتە، ژمارەی دەنگەکان بۆ هەر ویلایەتێک پەیوەستە بە ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەکەوە، لەبەرئەوە هەر ویلایەتێک زۆرترین دانیشتووی هەبێت ئەوا زۆرترین دەسەڵاتی دەبێت.

ڕاپرسییەکەی سیێنا نیویۆرک تایمز دەریخستووە کە بارەکە لەسەر شانی هێرس قورستر دەبێت چونکە دەبێت خۆی بناسێنێت بۆ ئەمەریکاییەکان، لە سەدا 28 ی ئەوانەی بەشداربوون لە ڕاپرسییەکەدا دەڵێن پێویستیان بەوەیە زیاتر بزانن سەبارەت بە هێرس، لە کاتێکدا تەنها لە سەدا 9 هەمان شتییان وتووە سەبارەت بە ترامپ.

ڕاهێنەری دیبەیت لە زانکۆی میشیگن ئارۆن کاڵ بە دەنگی ئەمەریکای وت " شەوی سێشەممە یەکێک دەبێت لە چاوەڕوانکراوترین و گرنگترین دیبەیتەکان. ترامپ دیبەیتکارێکی سەرۆکایەتی بە ئەزموونە بەڵام مێژوویەکی هەیە لە وتنی قسەی مشتومڕاوی لەسەر سەکۆکە دژی ڕکابەرەکانی، ئەوەش دەتوانێت سەرنجەکان لاببات لەسەر پرسە سیاسییە گرنگەکان."

وتی " هێرس ئەمدواییانە لە مانگی حەوتدا هاتە کێبڕکێکەوە و هێشتا لەلایەن دەنگدەران و کەمپینەکەی ترامپەوە پێناسە دەکرێت. دەبێت دەریبخات کە دەتوانێت دۆسیەکە بباتەوە دژی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترامپ و کارەکانی ئەمدواییانەی."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG