Accessibility links

جیاوازی نێوان ترامپ و هێرس لە سیاسەتی ژیری دەستکرددا


دوو ڕۆژ دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ساڵی ڕابردوو فەرمانێکی دەرکرد سەبارەت بە ژیری دەستکرد، جێگری سەرۆک کامڵا هێرس نوسراوەکەی هێنا بۆ لوتکەیەکی جیهانی ژیری دەستکرد، بە بینەرە نێودەوڵەتییەکەی وت چی شتێک ئەمەریکا جیا دەکاتەوە لە ڕێبازەکەدا بۆ پارێزراویی ژیری دەستکرد.

لە بۆنەیەکدا کە ئامانج لێی مامەڵەکردن بوو لەگەڵ ئەگەری دەرەنجامە کارەساتاوییەکەی شێوازەکانی داهاتووی ژیری دەستکرد بوو، هێرس باسی لە نیگەرانییەکانی ئێستا دەکرد، هەروەها پێویستییەکان بۆ بە کۆدکردنی پاراستنەکان بە خێرایی و بەبێی خنکاندنی داهێنانەکان.

هێرس مانگی یانزەی ڕابردوو لە لەندەن وتی " کاتێک کارمەندێکی باڵا لە پلانی چاودێری تەندروستی دەردەکرێت بەهۆی هەڵەیەکی ئەلگۆریثمی ژیری دەستکردەوە، ئایا ئەوە بۆ ئەو گرنگ نیە؟ کاتێک ژنێک هاوبەشێکی خراپی هەیە و مەترسی لەسەرە بەهۆی وێنەی ساختەوە؟ ئایا ئەوە گرنگ نیە بۆ ئەو؟"

ئێستا هێرس بۆ سەرۆکایەتی خۆی هەڵبژاردووە و ڕکابەرەکەشی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپە، هێرس وتوویەتی دەیەوێت فەرمانەکەی بایدن " هەڵبوەشێنێتەوە ". جێگرەکەی ترامپ بۆ هەڵبژاردنەکان، سیناتۆر جەی دی ڤانسیش بۆچوونی خۆی لەسەر ژیری دەستکرد دەهێنێت.

زیادبوونی بینینی ژیری دەستکرد لە ژیانی ڕۆژانەدا بووەتە جێی باسێکی دیار بەڵام هێشتا نەبووەتە نیگەرانییەکی گەورە بۆ دەنگدەرە ئەمەریکاییەکان. بەڵام دەکرێت ئەمە یەکەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بێت کە تێیدا بەربژێرەکان دید و بۆچوونەکانییان دەخەنەڕوو لەسەر چۆنێتی ڕێنماییکردنی سەرکردایەتییەکەی ئەمەریکا لەسەر تەکنەلۆجیای ژیری دەستکرد کە زۆر بە خێرایی گەشە دەکات.

ئەمانەی خوارەوە تۆماری بەربژێرەکانن لەسەر ژیری دەستکرد:

ڕێبازەکەی ترامپ:

بایدن لە 30 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا فەرمانەکەی واژۆ کرد، بە زوویی دوای ئەوەی ترامپ لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا ئاماژەی بەوەدا ئەگەر وەکو سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە ئەوا کارێک لەوبارەیەوە دەکات. بەڵێنەکەی جارێکی دیکە لە کۆنگرەی نیشتیمانی کۆمارییەکاندا باسی لێوەکرایەوە.

سەکۆکەی ترامپ لە کۆنگرەی نیشتیمانی کۆمارییەکاندا وتی " ئێمە فەرمانە مەترسیدارەکەی جۆو بایدن هەڵدەوەشێنینەوە کە بەربەست دەخاتە بەردەم داهێنانی ژیری دەستکرد، هەروەها بیرۆکەی توندڕەوی چەپ دەسەپێنێت بەسەر گەشەی ئەم تەکنەلۆجیایەدا. لە شوێنی خۆیدا، کۆمارییەکان پشتگیری لە گەشەی ژیری دەستکرد دەکەن کە بەشێوەیەک لەگەڵ ئازادی ڕادەربڕین و گەشەی مرۆڤدا بێت."

ترامپ لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتییەکەیدا زۆر باسی لە ژیری دەستکرد نەکرد، بەڵام لە ساڵی 2019 دا بوو بە یەکەمین سەرۆکی ئەمەریکا کە فەرمانێک لەسەر ژیری دەستکرد دەربکات. فەرمانی بە دەزگا فیدڕاڵییەکان کرد توێژینەوە و گەشەپێدان لەو بوارەدا بکەن بە کاری پێشینەیان.

پێش ئەوە، شارەزایانی تەکنەلۆجیا لەو کاتەدا داوایان لە بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپ دەکرد ستراتیژییەکی بەهێزتری هەبێت بۆ ژیری دەستکرد بە شێوەیەک کە بگاتە ئاستی ئەوەی کە وڵاتانی دیکە دەیانکرد. لە ساڵی 2017 دا، وەزیری خەزێنەی ئەو کاتەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن نیگەرانییەکانی سەبارەت بەوەی ژیری دەستکرد هەموو کارەکان دەبات بۆ خۆی، وتی ئەوە لە داهاتوویەکی زۆر دووردا دەبێت و " تەنانەت لە شاشەی ڕادارەکەشمدا دیار نیە."

بەڵام دواتر ئەو دیدە گۆڕا، ڕاوێژکاری باڵای تەکنەلۆجیای ترامپ لە ساڵی 2018 دا بە سەرکردەی کۆمپانیاکانی وت بردنی سەرجەم کارەکان لەلایەن ژیری دەستکردەوە " شتێکی حەتمییە " و " ئێمە ناتوانین دەستەوەستان بوەستین." فەرمانەکەی ساڵی 2019 ی ترامپ داوای لە دەزگا فیدڕاڵییەکان کرد " ئازادیی و تایبەتمەندی و بەهاکانی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی بپارێزن " لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاکانی ژیری دەستکرددا، هەروەها یارمەتی کرێکاران بدەن توانای پەیوەندیدار بە دەست بهێنن.

ترامپ لە کۆتایی سەرۆکایەتییەکەیدا فەرمانێکی واژۆ کرد کە تێیدا هانی بەکارهێنانێکی " بە متمانەی " ژیری دەستکرددا لە حکومەتی فیدڕاڵدا. ئەو سیاسەتانە لە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدنیشدا هەر بەردەوام بوون و هەڵنەوەشێندرانەوە.

ڕێبازەکەی هێرس:

دەرکەوتنی چات جی پی تی لە نیوەی خولی سەرۆکایەتییەکەی بایدندا وایکرد مەحاڵ بێت سیاسییەکان ژیری دەستکرد پشتگوێ بخەن. لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا، هێرس کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکەکانی گووگڵ و مایکرۆسۆفت و کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیادا کرد لە کۆشکی سپی، ئەوەش یەکەمین هەنگاو بوو لەسەر ئەوەی سەرکردە باڵاکانی گەشەپێدانی تەکنەلۆجیاکان ڕازی بکات لەسەر ئەوەی خۆبەخشانە پابەند بن بەوەوە کە تەکنەلۆجیاکانییان ماف و پارێزراویی خەڵک نەخەنە مەترسییەوە.

دواتر فەرمانەکەی بایدن هات لەسەر ژیری دەستکرد، کە دەسەڵاتێکی ئاسایشی نیشتیمانی سەردەمی جەنگی کۆریای بەکارهێنا بۆ وردبینی لە سیستمە مەترسیدارەکانی ڕێکلامی ژیری دەستکرددا، بەڵام بە زۆریی بۆ پاراستنی بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆجیایە لەلایەن حکومەت و دانانی ستانداردەوە بەکارهێندرا. بە پێچەوانەی یەکێتی ئەوروپاوە، ئەمەریکا هێشتا یاسای بەرفراوانی نیە بۆ ژیری دەستکرد، ئەوەش شتێکە کە دەبێت کۆنگرێس پەسەندی بکات.

ئالۆندرا نیڵسنی بەڕێوبەری پێشووی ئۆفیسی سیاسەتی زانست و تەکنەلۆجیای کۆشکی سپی دەڵێت هێرس کاتێک هاتە کۆشکی سپی تێگەیشتنێکی بەرفراوانی هەبوو لەسەر سێلیکۆن ڤالێ، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە لە ناوچەی فرانسیسکۆ بەی گەورە بووە و لەوێ کاری کردووە، هەروەها دواتر وەکو دادوەری گشتی کالیفۆرنیا کاریکردووە کە لەوێ پەیوەندی لەگەڵ چەندین سەرکردەی تەکنەلۆجیادا دروست کردووە.

تەنانەت پێش چات جی پی تیش، نیڵسن سەرکردایەتی هەوڵەکانی کۆشکی سپی دەکرد بۆ دروستکردنی " پڕۆژە یاسای مافەکان " لە پێناو پاراستن دژی ئەگەری زیانەکانی ژیری دەستکرد. نیڵسن وتی هێرس لە لوتکە جیهانییەکەی پارێزراویی ژیری دەستکرد لە لەندەن هەموو ئەو مەترسییانەی کۆکردەوە و " بە جیهانی وت ستراتیژیی ئەمەریکا بۆ ژیری دەستکرد چییە."

هێرس وتی خۆی و بایدن " ئەو بژاردە هەڵەیە ڕەت دەکەنەوە کە دەڵێت یان ئەوەتا دەبێت خەڵکەکە بپارێزێت یان داهێنان بەرەوپێشەوە ببەیت." هاوکات دانی بەوەدانا کە پێویستە مەترسییەکان لەسەر بوونی مرۆڤایەتی لەبەرچاو بگیرێن، هێرس باسی لە " تەواویی مەترسییەکانی ژیری دەستکرد کرد."

نیڵسن وتی " ئەو ( هێرس ) بە جۆرێک دەرچەی گفتوگۆکەی کردەوە سەبارەت بە ئەگەری مەترسی و زیانەکانی ژیری دەستکرد."

ترامپ بە دەستنیشانکردنی ڤانس کە پێشتر سەرمایەدار بووە، وەکو جێگری، توخمێکی دیکەی زیاد کرد لە جیاوازییەکانی نێوان دوو هەڵمەتەکەدا. ترامپ لەلایەن چەند سەرکردەیەکی تەکنەلۆجیاکانی ژیری دەستکردەوە پشتگیری لێکراوە، لەوانەش ئیلۆن مەسک و سەرمایەدار مارک ئاندەرسن و بێن هۆرۆویتز.

ڤانس دانیناوە بە هەندێک لە بەکارهێنانە زیانبەخشەکانی ژیری دەستکرددا، بەڵام مانگی حەوت لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی سیناتدا وتی نیگەرانە لەوەی کە نیگەرانی پاساو دەهێنێتەوە بۆ " هەندێک هەوڵی پێشوەختە بۆ زیادەڕۆییکردن کە بە ڕاستی گەمارۆی ئەو پێگە تەکنەلۆجیایە دەدات کە هەمانە."

لە پۆدکاستێکدا لەگەڵ هاوبەشەکەی هۆرۆویتز کە تێیدا پشتیوانی خۆیان بۆ ترامپ ڕوون کردەوە، ئاندەرسن وتی نیگەرانە سەبارەت بە " بیرۆکەی ئەوەی ئێمە بە مەبەست لە خۆمان دەدەین لەڕێی چەندین یاساوە لە کاتێکدا کە سەرانسەری جیهان تیشک دەخەنە سەر ئەمە، لە کاتێکدا کە چین تیشکی دەخاتە سەر."

هۆرۆویتز داواکەی کۆنگرەی نیشتیمانی کۆمارییەکانی خوێندەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرمانەکەی بایدن و وتی " ئەوە پلانێکی باشە بۆ من "، هەروەها باسی لەوە کرد خۆی و ئاندەرسن لە ئێوارە خوانێکدا تاوتوێی پێشنیارەکانییان کردەوە لەگەڵ ترامپدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG