سەرۆک ترامپ شەوی پـێنجشەممە لە کۆشکی سپی ئاهەنگێکی سازکرد بەبۆنەی جەژنی حەنوکەی جووەکان و سەدان کەسی بۆ بانگهێشتکرد، لەوانە ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی و ستیڤن منوشن وەزیری خەزێنە و دەیڤد شولکن وەزیری کاروباری جەنگاوەرە دێرینەکان و یاسادانەرە جووەکان.
سەرەتای ئاهەنگەکە سەرۆک ترامپ وتارێکی بۆ ئامادەبووان پـێشکەش کرد و تیایدا گوتی "حەنوکە بۆنەیەکە بۆ هەموو خێزانە جووەکان لە سەرانسەری جیهان تاوەکو ئاهەنگ بگێڕن بۆ ئەو موعجیزانەی لە ڕابردوو بوون و هەروەها ئەو بەڵێنانەی بۆ ئایندە هەن."
گوتیشی شانازی دەکات بەوەی لە پاڵ گەلی ئیسرائیلدا وەستاوە و پەیوەندیە بەهێزەکانی نێوان هەردوو وڵات نوێ دەبنەوە.
هەروەها هەریەک لە حاخام مایەر سولۆڤیچیک و لویز لۆرانس ئیزرائیلز کە یەکێکە لە ڕزگاربووانی هۆلۆکۆست لە ئاهەنگەکە وتاریان بەو بۆنەیەوە پـێشکەش کرد.
جێی ئاماژەیە حەنوکە جەژنێکی هەزاران ساڵەی جووەکانە و ساڵانە بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ بەردەوام دەبێت کە لە 25 ی مانگی کیسلیڤی جووەکان دەسـتپێدەکات، واتە دەکەوێتە نێوان هەردوو مانگی یازدە و دوازدەی زاینی. لە ماوەی ئەو هەشت ڕۆژە ڕۆژی یەک مۆم لەسەر شەمعدانی حەنوکە دادەگیرسێنن.