Accessibility links

سەرۆک ترامپ دادوەر نێڵ گۆرسچ بۆ پـۆستی دادوەری دادگای باڵا دەسـتنیشان دەکات

  • VOA News

سەرۆک دانۆڵد ترامپ دادوەری فیدراڵی کۆلۆرادۆ نێڵ گۆرسچی دەسـتنیشانکرد بۆ پـڕکردنەوەی شوێنی دادوەر ئەنتۆنن سکالیـیا کە لە مانگی دووی ساڵی ڕابردوو کۆچی دوایی کرد و شوێنەکەی لە دادگای باڵا بە بەتاڵی ماوەتەوە.

سەرۆک ترامپ شەوی سێشەممە لە کۆشکی سـپی و لە پەخشێـکی ڕاستەوخۆدا لە ڕێگەی تەلەفیزیۆنەوە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی وڵاتەکە ئەوپەڕی پـێوستی بە گۆرسچ هەیە وەک دادوەرێـک، چونکە توانایەکی هێندە زۆری هەیە کە جێی مشتومڕ نیـیە. گوتیشی خاوەنی هزرێـکی نایابە و شارەزایـیەکی بێ وێنەی لە یاسادا هەیە و پابەندە بە دەقەکانی دەستورەوە.

نێڵ گۆرسچ لای خۆیەوە سوپاسی سەرۆک ترامپی کرد لە بەرامبەر دەسـتنیشانکردنی بۆ ئەو پـۆستە.

پـێویستە ئەنجومەنی سینات کە لە 100 ئەندام پـێکهاتووە بە دەنگی 60 ئەندام نێڵ کۆرسەچ بۆ ئەم پـۆستە باڵایەی دادی وڵاتەکە پەسەند بکات. بڕیارە لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە لەگەڵ یاسادانەران لە کۆنگرێس کۆببێتەوە.

شان سپایسەر گوتەبێژی کۆشـکی سـپی گوتی هەروەها بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ بە نیازە لەم بارەیەوە چەند چاوپـێکەوتنێـک لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس سازبکات.

چەک شومەر سیناتۆری دیموکرات دەڵێت گومانی ڕژدی لە بارەی گۆرسچەوە هەیە، بۆیە پارتەکەی سوورە لەسەر ئەوەی هەر کاندیدێـک بۆ دادگای باڵا دەبێت بە دەنگی 60 ئەندامی ئەنجومەنی سینات پەسەندبکرێت. لە ئێستادا ئەنجومەنەکە پـێکهاتووە لە 52 ئەندامی کۆماری و 48 ی دیموکرات.

پەسەندکردنی گۆرسچ بۆ ئەم پـۆستە ڕەنگە بە سانایی لە سینات تێپەڕنەبێت، بەو پـێـیەی کۆماریـیەکانی نێو ئەنجومەنەکە ئامادە نەبوون پـێشتر لەسەر کاندیدی سەرۆکی پـێشوو براک ئۆباما قسەبکەن.

جێی ئاماژەیە هەرچ دادوەرێـک ببێتە ئەندامی دادگای باڵای ئەمەریکا، ئەوا بۆی هەیە هەتا لە ژیاندا مابێت لە پـۆستەکەیدا بمێنێتەوە، بۆیە نێڵ گۆرسچی تەمەن 49 ساڵ ڕەنگە بۆ نزیکەی چل هەتا پەنجا ساڵ دادوەرێـکی دادگای باڵا بێت و بڕیارەکانی هەتا سەدەیەک یان زیاتر کاریگەریان بەسەر وڵاتەکەدا هەبێت.

سەبارەت بەم هەواڵە حەیدەر کەریم لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ڕاپـۆرتێـکی ئامادەکردووە.

XS
SM
MD
LG