Accessibility links

چاوپـێکەوتنی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆک ترامپ لە میانەی کۆنگرەی G20


لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆنگرەی G20 لە بۆینس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین، گرێتا ڤان سەسترن هاوکاری ڕۆژنامەوانی دەنگی ئەمەریکا چاوپـێکەوتنێکی لەگەڵ سەرۆک ترامپ سازکرد، ئەمەش دەقی پـرسیار و وەڵامەکانە:

پ: سەرۆک، ئێمە لێرەین لە ئەرجەنتینین و ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەنەدا و مەکسیک ڕێکەوتنێکی نوێی بازرگانیان مۆرکرد تاوەکو شوێنی ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازادی باکوری ئەمەریکا NAFTA بگرێتەوە.

سەرۆک ترامپ: ئەوە ڕاستە.

پ: ئێستا یەکێک لە بەشەکانی پەیوەستە بە کرێکارانی پـێشەسازی ئۆتۆمبیل و پارچەی ئۆتۆمبیل. ئایە ئەمە بە شێوەیەک لە شێوەکان چارەسەری یەکێک لە پـرسەکانی ئەمەریکا دەکات کە ئەویش داخستنی کارگەکانی جەنەڕاڵ مۆتۆرە GM و هەروەها لەدەستدانی 14 هەزار هەلی کارە؟

سەرۆک ترامپ: خۆی تەنیا هەر ئەوە نیـیە. بەڵکو وەها دەکات لەوەی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبیل نەڕۆن. یەکێک لەو شتانەی بە ڕاستی دەمویست ئەوبوو کارگە و کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبیل بوون، بە گشتی مەبەستم کار و کارگەکانە، نامەوێت ئەمەریکا جێبهێڵن. ئەوە بۆمن زۆر گرنگ بوو وە ئێمەش ویلایەتە یەکگرتووەکان جێناهێڵین. بۆیە پـێموایە یەکێک لە بەهێزترین خاڵەکانی ڕێکەوتنە نوێـیەکە کە من بە ڕێکەوتنی ئەمەریکا- مەکسیک – کەنەدا USMCA ناودێری دەکەم، ئەوەیە تۆ لە پاش مۆرکردنی ڕێکەوتنەکە نەبینیت کۆمپانیاکان بڕۆن. دەبێت ئێمە لە ڕێگەی کۆنگرێسەوە ئەمە بەدەستبهێنین و ئەگەر بەوە بەدەستمانهێنا کە پـێموایە وەها دەبێت، ئەوا شتێکی زۆرباشە، وە ئەگەر نا ئەوا زۆر بەمەی ئێستا خۆشحاڵین.

پ: وەک ئەوەی تۆ دەڵێیت چین یەکێکە لەو وڵاتانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان دادەدڕێت، ئەوەتا شوێن پەنجەی چین لە جیهاندا زیاتردەبێت. ئەوەتا لە باکوری ئەفریکایە و بەندەرێکی گەورە لە پاکستان بیناددەنێت و سەودای گەورەی هەیە، سەودای وەبەرهەمهێنانی هەیە لە پەنەما و ئەمەریکای لاتین. جۆرێک لە زۆر نزیکبوونەوە لە ئەمەریکا هەیە لە ڕووی جوگرافیـیەوە. ئایە متمانەت بە ئامانجە ستراتیژیـیەکانی چین هەیە؟ ئایە تۆ تۆزێک نیگەران نیت؟

سەرۆک ترامپ: پـێموایە ئەوان وەهایان لێدێت پارەی کەمتریان دەستدەکەوێت لەوەی ئێستا دەستیان دەکەوێت، بەهۆی ئەو سەودایەی من دەیکەم وە ئەگەر سەرنج بدەن ئێستا 250 ملیار دۆلارمان هەیە، لە 25%. ئەوە مانای ئەوەیە ملیاران و ملیاران دۆلار دەسێنین، لەگەڵ ئەوەش دەتوانم ئەوە دوو هێندە بکەم و جارێکی دیکە دوو هێندەی بکەمەوە و ئیدی هەرگیز نەتوانن ئەوە بکەنەوە کە وەک چۆن لەگەڵ سەرۆکەکانی پـێشوو کردبوویان. تۆ ببینە بزانە چی بەسەر چین دێت. من نامەوێت ئەمە بکەم، بەڵام ئەوەیە ئەوان ئێستا زۆر باش کارناکەن بەراورد بەوەی پـێشتر دەیانکرد، وە جارێکی دیکە دەیڵێمەوە پـێموایە ئێمە کارێکی باش دەکەین.

پ: بەڵام وەک مەسەلەیەکی ئاسایشی نیشتمانی، خۆت دەزانیت بە وەبەرهەمهێنانیان لە ئەمەریکای لاتین و لە تەواوی جیهان هەیە، پـێدەچێت گەورەتر جێ پەنجەی خۆیان لە سەرانسەری جیهان دەربخەن.

سەرۆک ترامپ: دەزانم، بەڵام کێشەی قەرزیان هەیە و دەبێت ئەو قەرزانە بدەنەوە. بڕە پارەیەکی ئێجگار زۆرترە لەوەی خەرجی دەکەن. ئایە ئەوەم بە دڵە؟ لەوانەیە نەخێر، بەڵام دەشزانم زۆر گران دەبێت بۆ ئەوان، وە لە زۆرێک لەو شوێنانە سەرکەوتوو نابن.

پ: تۆ خەریکبوو لەگەڵ سەرۆک پـوتن کۆببێتەوە یان بە لایەنی کەم بەنیازبوویت و پاشان ڕەتتکردەوە. ئایە لەگەڵی کۆبوویتەوە؟ کارنامەت بۆ سەرۆک پوتن چییە؟

سەرۆک ترامپ: وەک ئێستا وتم، تۆ دەزانیت، بە ڕاشکاوانە بەهۆی ئەوەی لە ئۆکرانیا لەگەڵ کەشتی و دەریاوانەکان ڕووی دا، ئێستا کاتی گونجاو نیـیە، بەڵام لەگەڵی کۆدەبمەوە. پـێموایە پەیوەندیـیەکی زۆر باشمان هەیە و پـێموایە پەیوەندی زۆر باشمان لەگەڵ ڕووسیا و چین و هەموو کەسێک دەبێت. پـێموایە ئەو کۆبوونەوەیە گرنگە. بۆیە لە کاتی گونجاودا لەگەڵیدا کۆدەبمەوە.

پ: بە بۆچوونی تۆ ئەو بەنیازی چییە لەگەڵ ئۆکرانیا؟ بۆچی دەستیگرتووە بەسەر ئەو کەشتی و دەریاوانانە؟

سەرۆک ترامپ: ناتوانم مێشکی بخوێنمەوە و کەسیش ناتوانێت، تەنیا خۆی دەزانێت دەیەوێت چی بکات، بەڵام ناتوانین ڕێگە بدەین شتی تایبەت ڕووبدەن، خۆت دەزانیت بووە وە ناتوانم ببمە بەشێک لەوە.

پ: یەکێک لە پـرسەکانی ئابوری جیهانی، گۆڕانی کەش‌وهەوایە. ئەوە لێرە جێی وتووێژە. هەڵوێستی تۆ چیـیە لە بەرامبەر گۆڕانی کەش‌وهەوا وە چۆن کاری کردووەتە سەر ئابوری لە تەواوی جیهاندا؟

سەرۆک ترامپ: زۆر ڕوونە، پاکترین هەوا و پاکترین ئاوم لەسەر ئەم هەسارەیە دەوێت. ئاوێکی پاکی ڕوونم دەوێت وە ئەوەیە کە هەمانە. ئێمە بە باشی بۆ ژینگە کاردەکەین وە ئەوەشە کە دەمەوێت، بەڵام ئەوەش ناکەم کارداریـیەکانی نێو وڵاتەکەمان زەرەربکەن و نەمێنن تەنیا لەبەر ئەوەی چەند شتێک گۆڕانکاریـیان بەسەردا نەیەت کە ڕەنگە گرنگ نەبن. کاتێک لە چین و وڵاتانی دیکە دەڕوانیت، ئەوانەی هەواکەیان پیسە، ئەو هەوا پیسەیان دێتە ئەمەریکاوە، کەچی خەڵکی نایانەوێت لەم بارەیەوە قسەبکەن، بەڵام دێنە سەر ئێمە. ئینجا ئێمە پاک و خاوێن دەبین و ئەوان نابن وە ئەمەش پارەیەکی زۆری تێدەچێت. لە ڕاستیدا ئێمە بە دڵنیایـیەوە پاکین، بەڵام ناچین ترلیۆنان دۆلار خەرج بکەین و چاکە بۆ خەڵکی دیکە بکەین و کاری باش بۆ خۆمان نەکەین. خۆت دەزانیت سیاسەتێکی زۆر ڕوونم هەیە، کە پێی دەگوترێت" ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێک". لە هەمان کات، دراوسێـیەکی باش دەبین لە جیهاندا. بەڵام دەبێت بە ویژدانەوە مامەڵە لەگەڵ خۆماندا بکەین، ئێدی بۆیە شتەکان بەو شێوەیەیە.

پ: ئایە باس لە گۆڕانی کەش‌وهەوا دەکەیت لەگەڵ سەرۆک شی(سەرۆکی چین)؟

سەرۆک ترامپ: ئێمە لەم بارەیەوە وتووێژدەکەین، سەبارەت بە زۆر شت وتووێژدەکەین. گەورەترین شت کە لە بارەیەوە قسەدەکەین بازرگانی دەبێت، ئەوەیە خەڵکی دەیانەوێت بیبیستن وە خۆت دەزانیت پـێویستە ئەو شتێک لەگەڵ کەش‌وهەوای وڵاتەکەی بکات. من دڵنیام ئەو دەیکات. پـێموایە ئەو هاوڕێمە و پـیاوێکی چاکە، بەڵام کەمێک ناکۆکیمان هەیە. وە جارێکی دیکە دەیڵێمەوە وڵاتەکەمان بۆ چەندان ساڵ ئیستغلالکراوە وە لە ئێستاوە ئەوە چیتر ڕوونادات.

پ: ئێستا با بێنە سەر ئابوری ناوخۆی وڵاتەکەمان، هەفتەی داهاتوو ڕەنگە دەنگدانێک ئەنجام بدرێت بۆ داخستنی دامودەزگاکانی حکومەت. بەر لە هەموو شتێک پێتوایە دامودەزگاکانی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان دابخرێن وە ئایە ئەوە هیچ جۆرە کاریـگەریـیەکی بەسەر ئابوری جیهاندا دەبێت؟

سەرۆک ترامپ: ناتوانم پێت بڵێم دادەخرێن یان نا چونکە کەس نازانێت، بەڵام دەتوانم پێت بڵێم ئاسایشی سەر سنوورەکانمان بەدەست‌دەهێنین و زیاتریش. بینیتان چیمان کرد لەگەڵ ئەو هەموو کاروانی خەڵکەی هاتبوون، وا ئێستا دەستیانکردووە بە ڕۆیشتن. ڕێگە بە خەڵکی نادەین بە شێوەیەکی نایاسایی بێنە ناو وڵاتەکەمانەوە. ئێمە خەڵکی دەهێنین لەسەر بنەمای لێهاتوویـیان. خەڵکمان پـێویستە. ئێستا کەمترین ڕێژەی بێکاریمان هەیە بەراورد بە 51 ساڵی ڕابردوو. ئێمە خەڵکمان لەم وڵاتە دەوێت. کۆمپانیا هەیە دێنە ناو وڵاتەکەوە. لە ڕاستیدا سەرۆک وەزیری ژاپـۆن (ئابێ) ئێستا پێی گوتم دوو کۆمپانیای ئۆتۆمبیل دەهێنن، دوو کارگەی زۆر گەورە دەکەنەوە. زۆر شت نایبیستیت، بەڵام زۆر شت ڕوودەدەن. لە بارەی جەنەڕاڵ مۆتۆر دەبیستیت، وە نازانم چی بەسەر جەنەڕاڵ مۆتۆر هاتووە، بەڵام ئاڕاستەکە بە تەواوی پـێچەوانەیە. وە ئەوە دەڵێم کە هەرگیز ئابوریمان پـێشتر وەها باش نەبووە. ئەو ژمارانەی بەدەستمانهێناون بڕواناکرێت چەندە باشن، ئەوەتا خۆت دەیبینیت، وە زۆر شتی باشی دیکە بەڕێوەن.

XS
SM
MD
LG