Accessibility links

سەرۆک ترامپ ڕەخنەی توند لە سەرۆکی فەڕەنسا دەگرێت


سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی دیکە ڕەخنەی لە هاوتا فەڕەنسایـیەکەی گرت و لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە چەند تێبینیـیەکی نەرێنی لەسەر نووسیوە.

دانۆڵد ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" ئیمانۆئیل ماکرۆن پـێشنیاری کردووە لەشکری خۆی دروستبکات بۆ پاراستنی ئەوروپا لە دژی ئەمەریکا و چین و ڕووسیا. بەڵام ئەوە ئەڵمانیا بوو لە هەردوو شەڕی جیهانی یەکەم و دووەم – ئەی ئەوە بۆ فەڕەنسا باش بوو؟ ئەوان دەستیانکردبوو بەوەی فێری ئەڵمانی بن لە پاریس بەر لەوەی ئەمەریکا بگات. پارە دەدەیت بە ناتۆ یان نا!"

پاشان لە نووسینێکی دیکەی ڕەخنەی لە فەڕەنسا گرت لەوەی لە بواری بازرگانی توندە لە بەرامبەر ئەمەریکا، دەڵێت فەڕەنسا گومرگی زۆر دەخاتە سەر شەرابی ئەمەریکایی، بەڵام ئەمەریکا گومرگێکی زۆر کەم دەخاتە سەر شەرابی فەڕەنسایی. دەڵێت ئەمە ڕەوا نیـیە و دەبێت بگۆڕدرێت.

دواتر نووسیویەتی "کێشەکە لەوەدایە ئیمانۆئێل جەماوەرێتی لە فەڕەنسا زۆر هاتووەتە خوارێ 26%، ڕێژەی بێکاریش نزیکبووەتەوە لە 10% .

دوابەدوای ئەم تێبینیانەی سەرۆک ترامپ، ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس هەوڵی دابوو کاردانەوەی کۆشکی ئیلێزێ (سەرۆکایەتی فەڕەنسا) لەم بارەیەوە بزانێت، بەڵام کاربەدەستان ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەسەری بدەن.

XS
SM
MD
LG