Accessibility links

دوو کاربەدەستی ئەمەریکا: هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت فەرمان درابێت تەلەفۆنییەکانی سەرۆک ترامپ تۆماربکرێن


بەڕێوەبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا FBI لەگەڵ سەرۆکی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی دەڵێن هیچ زانیارییەکیان لەبەردەست نییە بیسەلمێنێت سەرۆکی پێشوو باراک ئۆباما فەرمانی دابێت پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی سەرۆک ترامپ تۆماربکرێن.

جەیمس کۆمی بەڕێوەبەری FBI ڕۆژی دووشەممە بە کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەرانی وت " سەبارەت بە نووسینەکانی سەرۆک ترامپ لە تویتەرەکەی کە دەڵێت لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی پێشوو فەرمانی تۆمارکردنی تەلەفۆنەکانی دراوە، هیچ زانیاریـیەکم لەلا نییە پشتیوانی لەو قسانەی سەرۆک ترامپ بکات و زۆر بە وردی سەیری ناو دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵیمان کردووە. هەروەها وەزارەتی داد داوای لێکردم پێتان ڕابگەیەنم وەزارەتەکە و ئاژانسەکانی سەر بە وەزارەتەکە هیچ زانیارییەکیان نییە پشتیوانی لەو نووسینانەی سەرۆک ترامپ بکەن."

پاشان وتی هیچ کەسێک لە ئەمەریکا دەسەڵاتی ئەوەی نییە ڕاستەوخۆ فەرمان بدات بە چاودێریکردنی ئەلیکترۆنیانەی هیچ کەسێک، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی داواکارییەک ببێت ئاڕاستەی دادوەرێک بکرێت و ئەو دادوەرە بڕیار دەدات چاودێری بکرێت یان نا. وتیشی بۆیە نە سەرۆک ئۆباما و هیچ سەرۆکێکی دیکەی وڵاتەکە ناتوانێت تاکڕەوییانە فەرمانی تۆمارکردنی پەیوەندی تەلەفۆنی هیچ کەسێک بدات.

ئەدمیراڵ مایکڵ ڕۆجەرز سەرۆکی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی ئەویش لای خۆیەوە وتی هیچ بەڵگەیەکی نییە بیسەلمێنێت بەڕێوەبەرایەتی باراک ئۆباما داوایەکی لەو جۆرەی کردبێت. وتیشی هەمان تێڕوانینی بەڕێوەبەری FBI ی لەم بارەیەوە هەیە و لە لایەن ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی هیچ کارێکی وەها نەکراوە و کەسیش داوای لێ نەکردوون کارێکی وەها بکەن.

هەروەها ڕەتیکردەوە دەزگای هەواڵگری بەریتانیا ئەو کارەی کردبێت لە ڕێگەی دەزگای بەریتانیا بۆ پەیوەندییەکانی حکومەت GCHQ . وتی ئەوە کارێکی دژ بە ڕێکەوتننامەی Five Eyes ی نێوان ئەمەریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا و کەنەدا و نیوزیلاندە کە بۆ دەیان ساڵە کاری بێدەکرێت. جەختی لەوەش کرد هەر کەسێک داوا لە بەریتانیا بکات سیخوڕی بەسەر ئەمەریکا بکات کارێکی نایاسایی یە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG