Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت خۆشحاڵە بە ئاگربەستی نێوان تورکیا و کوردەکان


سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی سپی پـێشوازی لە هاوتا تورکەکەی کرد و گوتی ئاگربەستەکەی نێوان تورکیا و کوردەکان جێگیرە و خۆشحاڵە بەو ئەنجامە.

دانۆڵد ترامپ بەر لە کۆبوونەوە سەرەکیـیەکەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی سوپاسی سەرۆکی تورکیا دەکات لە بەرامبەر چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە کە بە گوتەی خۆی بۆ هەزاران ساڵە لە نێوان وڵاتانی ئەو ناوچەیە هەیە.

گوتیشی نەوتەکەی سوریا پارێزراوە و هێزێکی ئەمەریکا لەوێ ماوەتەوە بۆ پاسەوانیکردنی.

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان خۆی و سەرۆکی تورکیا گوتی، لە سەرەتای ڕۆژی یەکەمی کارەکەی وەک سەرۆکی ئەمەریکا هاوڕێـیەتی لەگەڵ ئەردۆغاندا هەیە وە هەردووکیان لە وڵاتی یەکتر تێدەگەن و لە کێشەی یەکتر ئاگادارن، لەوانە کوژرانی خەڵکێکی زۆر لە تورکیا لەو ناوچەیەی باسی لێدەکەن.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لە پەیوەندی ئابوری نێوان هەردوو وڵات کرد و گوتی لە وتووێژەکانی ئەمڕۆدا تاووتوێی ئەم مەسەلەیەش دەکەن. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە ئێستادا بە بەهای نزیکەی 20 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵات هەیە وە دەتوانرێت بۆ 100 ملیار دۆلار زیادبکرێت.

لە وەڵامی ڕۆژنامەوانێک لە بارەی کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی S-400 ڕووسیا لەلایەن تورکیاوە، دانۆڵد ترامپ گوتی لە وتووێژەکانیاندا باس لەو بابەتەش دەکەن و هەروەها مەسەلەی بەرنامەی دروستکردنی فڕۆکەی F-35.

سەبارەت بە شەڕی داعش، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی لە سەردەمی ئەو توانرا خەلافەتی داعش بە تەواوی لەناوببرێت و ئێستا داعشەکان لەلایەن کوردەکان و هەروەها تورکیا چاودێری دەکرێن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لای خۆیەوە هیچ تێبینیـیەکی نەدا و تەنیا سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکا کرد و گوتی نایەوێت هیچ لێدوانێک بدات چونکە وتووێژێکی دورودرێژیان لە نێواندا دەبێت.

XS
SM
MD
LG