Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت هیوادارە ئەمەریکا نەکەوێتە جەنگەوە لەگەڵ ئێراندا


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی سویسرا ئۆلی ماورۆدا وتی هیوادارە ئەمەریکا نەکەوێتە جەنگەوە لەگەڵ ئێراندا، جێی ئاماژەیە سویسرا ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینێت لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا.

کاتێک ڕۆژنامەنووسان پرسیاریان لە سەرۆک ترامپ کرد سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەمەریکا لەگەڵ ئێراندا شەڕ دەکات، سەرۆک ترامپ لە وەڵامدا وتی " هیوادارم ئەوە ڕوونەدات."

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرژییەکان زیادیان کرد لەگەڵ زیادبوونی ئەگەرەکانی هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا. لە ماوەی ڕابردوودا واشنتن هەندێک لە دیبلۆماتکارەکانی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد کشاندەوە دوای ئەوەی چوار کەشتی نەوت لە کەنداو ڕووبەڕووی کردەوەی تێکدەرانە بوونەوە.

لەلای خۆشیەوە سویسرا بێلایەنە و لەو کاتەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران پچڕاون سویسرا ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینێت.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە سەرۆک ترامپ ڕێگەی دیبلۆماسی و گفتوگۆی ڕاستەوخۆی دەوێت لەگەڵ ئێراندا، بەڵام هەست بە نیگەرانی دەکەن لەوەی هەندێک لە ڕاوێژکارەکانی فشار دەکەنە سەری بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیلۆسی پێشوازی لە لێدوانەکەی سەرۆک ترامپ کرد سەبارەت بەوەی کە ململانێی سەربازی لەگەڵ ئێراندا ناوێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG