Accessibility links

نووسینێکی سەرۆک ترامپ لەسەر تویتەر کاردانەوەی زۆری لێدەکەوێتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا کۆمەڵێک ڕەخنەی توندی لە ژمارەیەک ژنی ئەندامی کۆنگرێس گرت و داوای لێکردن بگەڕێنەوە ئەو وڵاتانەی لێی هاتوون، ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی یەکشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسی" کۆمەڵێک ژنی دیموکراتی نێو کۆنگرێس کە بە "پـێشکەوتووخواز" ناودێردەکرێن، لە وڵاتانێکەوە هاتوون کە حکومەتەکانیان بە تەواوی بەڵان و لە هەموو شوێنێکی جیهان زیاتر گەندەڵترن، ئێستا ئەمانە هاتوون هاوار بەسەر خەڵکی ئەمەریکا دەکەن کە مەزنترین و بەهێزترین وڵاتی سەر ڕووی زەویـیە، چۆن حکومەتەکەیان بەڕێوەببەن. بۆچی ناگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتانەی لێی هاتوون تاوەکو یارمەتیان بدەن لە چاکسازی ئەو شوێنانەی بە تەواوی وێرانبوون و پـڕن لە تاوان. پاشان وەرنەوە پـێمان بڵێن چۆن ئەوە ئەنجام دراوە."

سەرۆک ترامپ ڕەخنەشی لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران گرت و بە تەنزەوە لە کۆتایی نووسینەکەی بۆ ئەویشی نووسیوە " من دڵنیام نانسی پـڵوسی زۆر خۆشحاڵ دەبێت گەشتەکانتان بە خۆڕایی بۆ ڕێکبخات."

شیکەرەوان دەڵێن سەرۆک ترامپ مەبەستی لە 4 خانمی دیموکراتی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە (ئالیکزاندریا ئۆکازیۆ کۆرتێز لە ویلایەتی نیویۆرک، ئیلهان عومەر لە ویلایەتی مینیسۆتا، ڕەشیدە تەلەیب لە ویلایەتی میشیگن، ئایانە پـرێسلی لە ویلایەتی ماساچوسێتس).

ئەم چوار خانمە، سێیانیان لە دایکبووی ئەمەریکان، تەنیا ئیلهان عومەر لە دایکبووی سۆماڵە و بە یاسایی لەگەڵ خێزانەکەی وەک پەنابەر هاتوونەتە ئەمەریکا.

نانسی پـلۆسی لە کاردانەوەی بەرامبەر بۆچوونەکەی سەرۆک ترامپ لەسەر تویتەرەکەی نووسی"کاتێک دانۆڵد ترامپ بە چوار ژنی ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا دەڵێت بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، ئەوا پـلانەکەی "ئەمەریکا جارێکی دیکە مەزنبکرێتەوە" دووپاتدەکاتەوە، ئەو بەردەوام دەیەوێت ئەمەریکا جارێکی دیکە سپـی بکاتەوە."

پاشان نووسیویەتی" پـێکهاتە ڕەنگ‌وڕەنگەکەمان هێزمانە و یەکگرتوویمان توانامانە."

جۆ بایدن جێگری سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا کە لە ئێستادا یەکێکە لە کاندیدە بەهێزەکانی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 ، لەسەر تویتەرەکەی نووسی" هێزی ئەمەریکا هەمیشە لە پـێکهاتە ڕەنگاو ڕەنگەکەی سەرچاوەی گرتووە. بەڵام سەرۆک ترامپ بەردەوامە لەسەر وتاری ڕق و کینە و دووبەرەکی و زیندووکردنەوەی گرژیـیە نەژادیـیەکان بە ئامانجی دەستکەوتی سیاسی تایبەتی خۆی."

پاشان نووسیویەتی"دەبێت ڕاشکاوبین، ڕەگەزپەرستی و ڕق و کینە بەرامبەر بیانی لە ئەمەریکا جێگای نابێتەوە."

ئالیکزاندریا ئۆکازیۆ کۆرتێز ئەویش لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" جەنابی سەرۆک ئەو وڵاتەی من لێی هاتووم و هەموومان سوێندی پێ دەخۆین ویلایەتە یەکگرتووەکانە."

"بەڵام ئەوەی چۆن سنووری وڵاتەکەمانت تێکداوە بە کەمپە نامرۆیـیەکان، هەمووی بۆ قازانجی خۆت و ئەو کۆمپانیایانەیە کە سوودیان لێوەردەگریت، بێگومان لە بارەی ئەو گەندەڵیەی لە بەردەمتایە ڕاست دەکەیت."

ڕەشیدە تڵەیب کە نوێنەرایەتی ناوچەیەکی شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگن دەکات، لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە بۆ سەرۆک ترامپی نووسی"من لە وڵاتەکەماندا شەڕی گەندەڵی دەکەم. هەموو ڕۆژێک ئەمە دەکەم کاتێک وەک ژنە ئەندامێکی کۆنگرێس لێپـێچینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیـیەکەت دەکەم. دیترۆیت فێری کردم چۆن لە پـێناو ئەو کۆمەڵگەیانە شەڕبکەم کە تۆ بەردەوام هێرشیان دەکەیتەسەر و لە بەهایان کەم دەکەیتەوە. بەردەوامبە لە قسەکردن، بەم زووانە لە دەرەوەی کۆشکی سپی دەبیت."

ئیلهان عومەریش وەڵامی سەرۆک ترامپی دایەوە و ئەویش نووسیویەتی" جەنابی سەرۆک، وەک ئەندامانی کۆنگرێس تاکە دەوڵەتێک سوێندمان بۆ خواردووە ویلایەتە یەکگرتووەکانە. بۆیە تێدەکۆشین لە پـێناو پاراستنی لە خراپترین و گەندەڵترین و بێ تواناترین سەرۆک بینیبێتمان."

ئایانە پـرێسلی لای خۆیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسی" ڕەگەزپەرستی وەهایە. ئێمەش دیموکراسی وەهایە. بۆ هیچ شوێنێک ناچین. جگە لە گەڕاندنەوە بۆ واشنتنی پایتەخت بۆ تێکۆشان لە پـێناو ئەو خێزانانەی تۆ وەلاوەیان دەنێیت و ڕۆژانە سووکایەتیـیان پـێدەکەیت."

کاردانەوەکان دەرەوەی ئەمەریکاشی گرتەوە، لەوانە تێرێزا مەی سەرۆک وەزیری بەریتانیا کە گوتویەتی ئەو نووسینەی سەرۆک ترامپ بە تەواوی جێی قبوڵ نیـیە.

XS
SM
MD
LG