Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت پەمپێیۆ داوای لێکردووە پشکنەری گشتی وەزارەتی دەرەوە لەکارەکەی دووربخاتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بەرگری لە بڕیارەکەی کرد بۆ لەکارلابردنی پشکنەری گشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەوەشی خستەڕوو وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە مایک پەمپێیۆ داوای لێکردووە ئەو کارە بکات.

نوێنەرانی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا وتیان پێدەچێت هۆکاری ئەوەی سەرۆک ترامپ پشکنەری گشتی وەزارەتی دەرەوە ستیڤ لینیکی لەکارەکەی لابرد ئەوە بێت لینیک لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو گرێبەستی چەکانە کردبێت کە سوپای ئەمەریکا لەگەڵ سعودیەدا واژۆی کردوون. هەروەها یاریدەدەرەکانی کۆنگرێسیش دەڵێن لینیک لێکۆڵینەوەی لەوە کردووە کە ئایا پەمپێیۆ بۆ بەرژەوەندی خۆی و خێزانەکەیسوودی لە پۆستەکەی وەرگرتووە یاخود نا، بۆ نموونە داوای لە کارمەندێکی حکومی کردووە پیاسە بە سەگەکەیان بکات.

سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت نەیزانیوە لینیک لێکۆڵینەوەی لە پەمپێیۆ کردووە، لەکاتێکدا پەمپێیۆ یەکێکە لە متمانەپێکراوترین ئەندام لە کابینەکەی سەرۆک ترامپدا.

سەرۆک ترامپ لەو بارەیەوە وتی " واتە ئەو لەژێر لێکۆڵینەوەدایە لەبەرئەوەی کەسێک لە حکومەت پیاسەی بە سەگەکەی کردووە؟"

وتیشی " لەبارەی ئەو لێکۆڵینەوەیەوە نەمزانیوە. بەڵام لەگەڵ دیموکراتەکاندا ئەمەت دەست دەکەوێت. ئەمە پیاوێکە کە دەبێت گفتوگۆی جەنگ و ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتە گەورەکاندا بکات.... و دیموکراتەکان و ڕاگەیاندنی ساختەش گرنگی دەدەن بە کەسێک کە پیاسە بە سەگەکەیان دەکات. لەوانەیە سەرقاڵ بێت یان لەوانەیە گفتوگۆ لەگەڵ کیم جۆنگ ئوندا بکات."

سەرۆک ترامپ وتیشی حەز دەکات وەزیرەکەی دەرەوەی گرنگی بە کارەکەی بدات وەک لەو کارە بچووکانە.

سەبارەت بە پەمپێیۆ سەرۆک ترامپ وتی " زیاتر حەز دەکەم بیبینم بە تەلەفون لەگەڵ یەکێک لە ڕابەرەکانی جیهاندا قسە بکات وەک لەوەی قاپەکانی بشوات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG