Accessibility links

کۆماریـیەکان بە فەرمی سەرۆک ترامپ بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی کاندیددەکەن


کۆماریـیەکان لە یەکەم ڕۆژی کۆنگرەکەیان لە شاری شارلتی ویلایەتی نۆرث کارۆلاینا، سەرۆک ترامپ و مایک پـێنسی جێگریان بە فەرمی کاندیدکرد بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمساڵ.

2395 شاند کە نوێنەرایەتی کۆماریـیەکانی 50 ویلایەتەکەی ئەمەریکا دەکەن ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم ڕۆژی کۆنگرەی پارتەکەیاندا لە شاری شارلت سەرۆک ترامپیان بۆ سەرۆکایەتی پەسەندکردەوە.

سەرۆک ترامپ پاش کاندیدکردنی بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن کۆماریـیەکانەوە، گەیشتە شوێنی کۆنگرەکە و لەوێ بە گەرمی پـێشوازی لێکرا و دروشمی "چوار ساڵی دیکە" دەگوترایەوە. هەر لە دەستپـێکی وتارەکەی هوشداری دا لەوەی وریابن کە فرتوفێڵ لە هەڵبژاردنەکان نەکرێت و گوتی دیموکراتەکان تەنیا بە ساختەکاری دەتوانن ئەم هەڵبژاردنە ببنەوە. هەروەها گوتی ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە لە مێژووی ئەمەریکادا.

گوتی ئەو لە چوار ساڵی دیکەی سەرۆکایەتی دەتوانێت ڕێژەی بێکاری زۆر کەمتردەکات و ئابوری وڵاتەکە زۆرباشتردەکات. گوتیشی هەرگیز ئەمەریکا نابێت بە وڵاتێکی سوشیالست.

گوتیشی لە ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی زۆر کاری بە ئەنجام گەیاندووە، لەوانە دروستکردنی دیواری سەر سنووری مەکسیک کە بەم زووانە تەواو دەبێت، گەڕاندنەوەی کار بۆ کارەگەکانی ئەمەریکا، شکستهێنانی تەواو بە خەلافەتەکەی داعش و کوشتنی ئەبو بەکر بەغدادی ڕابەری داعش و هەروەها کوشتنی گەورە تێرۆرست قاسم سولەیمانی، فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، دامەزراندنی 300 دادوەر.

باسی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق کرد و گوتی" هەفتەی ڕابردوو کە لێرە بوو سوپاس کردم لەسەر شکستهێنان بە داعش. منیش گوتم تۆ مەبەستت منە یان ئەمەریکا، گوتی باسی تۆ دەکەم چونکە کاتێک هاتیتە سەر دەسەڵات بێ‌سەروبەریـیەک بوو و داعش لە هەموو عێراق و سوریا بوون و تۆ شکستت پـێهێنان. منیش گوتم باشە تکایە ئەمە بە میدیاکان بڵێ. دەتوانیت ئەوە بکەیت؟ ئەویش وتی دەیڵێم، ئیتر با ببینین دەیڵێت."

XS
SM
MD
LG