سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پیرۆزبای جەژنی ڕەمەزانی لە موسوڵمانانی ئەمەریکا و سەرتاسەری جیهان کرد، ئەمەش دەقی پـیرۆزبایـیەکەیەتی:
لە جەژنی ڕەمەزاندا، من و خانمی یەکەم پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاڕاستەی موسوڵمانانی ئەمەریکا و سەرتاسەری جیهان دەکەین.
جەژنی ڕەمەزان کۆتایی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزە، مانگێک پڕ لە ڕۆژو گرتن و نوێژکردن و پاڕانەوە و تاعەتکردن. لە ماوەی ڕابردوودا لەکاتێکدا دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا شەڕمان دەکرد، پشتمان بە باوەڕ و خێزان و هاوڕێکانمان بەست تاوەکو ڕێنیشاندەرمان بن لەم کاتە سەختانەدا. لەکاتێکدا موسوڵمانان ئاهەنگی جەژنی ڕەمەزان دەگێڕن، هیوادارین هەست بە ئاسوودەیی و هێزی توانا ساڕێژکەرەکانی نوێژکردن و تاعەتکردن بکەن.
لە ئێستادا لە هەموو کات زیاتر تێدەگەین لەو ئاشتی و خۆشەویستی و ڕۆحی هاوکارییەی کە ئاین دەیهێنێتە ناو ژیانمانەوە. هیواخوازین جەژنێکی پڕ لە خۆشی و پیرۆز ببەنەسەر.